پەناخوازێکی کورد لە بەریتانیا: بەردەوام شوێنی مانەوەمان دەگۆڕن
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت 50 هۆتێل دابخات کە پەناخوازان تێیدا نیشتەجێن، هۆکاری داخستنەکە بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکانە. بەگوتەی دەسەڵاتدارانی بەریتانیا، پەناخوازان بۆ شوێنێکی هەرزانتر دەگوازرێنەوە.
هەڵۆ، پەناخوازێکی کوردە لە بەریتانیا و دەڵێت: "دەمانگوازنەوە و بەردەوام شوێنمان پێدەگۆڕن، بەڵام هیچ ناگۆڕێت. پێموایە تەنیا لەبەر هەڵبژاردن دەمانگوازنەوە. ئەوان دەیانەوێت بە خەڵکەکەی خۆیان بڵێن کێشەی هۆتێلەکانمان چارەسەر کردووە."
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاندووە، رۆژانە 8.2 ملیۆن پاوەن دەداتە کرێی هۆتێلەکان بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ پەناخوازان.
بێجگە لەو رێکارە، حکومەتی بەریتانیا بەرنامەی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا زیندوو کردەوە. رۆژی چوارشەممە، پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژەیاسای هەموارکراوی رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ رواندا پەسند کرد.
ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، "پێموایە پێویستە لەسەر ئەنجوومەنی لۆردەکان، ئەو پرۆژەیاسایە بێ کێشە و بە زووترین کات پەسند بکەن، تاوەکو بتوانین گەشتەکان دەستیپێبکەین."
بەگوێرەی حکومەتی بەریتانیا، ساڵی رابردوو، زیاتر لە 93 هەزار پەناخواز داواکاری مافی مانەوەیان پێشکێش کردووە. ئەمەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە 125 هەزار پەناخواز چاوەڕێی وەڵامی داواکارییەکانیان دەکەن.