رووداو- واشنتن دی سی
بەفربارین بە چڕی لە نێوەڕاست تاوەکو باکووری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای گرتووەتەوە، هەفتەیەکە بەفربارین بەردەوامە هۆشداری دەدرێتە هاووڵاتییان کە لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
رێژەی بەفربارین لە ویلایەتەکانی ئەمریکا جیاوازە، لە هەندێک ویلایەت تاوەکو شەش ئینچ بەفر هەیە، لە واشنتنی پایتەختیش نزیکەی سێ ئینچ بەفر باریوە.
لە واشنتن دی سی بەهۆی رێژەی بەفربارینەکەوە دەوامی بەشێک لە دامەزراوە پەروەردەییەکان وەستێنراون، هەندێک لە دامەزراوەکانی دیکە، کاتی دەوامەکەیان دواخراوە و بەشێکیشیان کارکردنیان کردووە بە ئۆنلاین.
لەدوای هاتنی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی رووی لەو ویلایەتانەی ئەمریکا کردووە، تاوەکو ئێستا بەهۆیەوە 45 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەشێکیان بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە بووە.
تیمەکان بەردەوام هەوڵی پاکردنەوەی شەقامەکە دەدەن دەرمانی جۆراوجۆری کیمیای بەسەریا دەڕێژن تاوەکو رێگری لە بەستنی بکەن.
بەشێک لە هاووڵاتییان بۆ بینینی دیمەنەکان دێنە سەر شەقامەکان، هەرچەندە لەدوای هۆشدارییەکانی لایەنی پەیوەندیدارەوە خەڵکی کەمتر لەسەر شەقامەکان دەبینرێن.