پەرلەمانی ئەڵمانیا دوو پرۆژە یاسای تایبەت بە کۆچبەر و بیانییەکان پەسند دەکات

19-01-2024
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
دانیشتنێکی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا
دانیشتنێکی پێشووی پەرلەمانی ئەڵمانیا
نیشانەکردن ئەڵمانیا - کۆچبەران دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یاسای ئاسانکارییکردن بۆ دیپۆرتکردنەوەی پەناخوازی لە ئەڵمانیا پەسندکرا، لە وڵاتەکەدا کۆدەنگی لەسەر یاساکە دروست بووە و وەزیری ناوخۆ هێرشدەکاتە سەر ئۆپۆزیسیۆن کاتێک کە هەردوو پرۆژە یاساکە لە پەرلەمانی وڵاتەکە خرایە دەنگدانەوە. 
 
پەسەندکردنی ئەو دوو یاسایە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا یاسایەک بۆ رەتکردنەوەی دیپۆرتی کۆچبەران دەرکرابوو، دواتر رەخنەی لێگیرا و لە کۆتاییدا لە پەرلەمانی ئەڵمانیا یاساکە هەڵوەشێنرایەوە. 
 
نانسی ڤێزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، "ئەم پرۆژەیاسایەی لە بەردەستە لەبارەی دوو خاڵی سەرەکییە، کە لە کرداردا تەنگەژەیی بۆ دروست بووە، خۆشەویستانی فراکیسیۆنی کرستیان دیموکراتەکان، بە یادم نایێت هیچ دەستپێشخەرییەکی ئێوە لە ساڵانی رابردووە لەو بارەوە هەبووبێت. یەکەم، ئێمە بە زنجیرەیەک نوێکارییەوە لە داهاتوودا رێگری لەوە دەکەین کە کەسەکان خۆیان بێسەروشوێن بکەن و دیپۆرتکردنەوەیان پووچەڵبکەنەوە. دووەمیش، ناسنامەکانیان دەستنیشان دەکەین چونکە خاڵێکی دیکە کە رێگری لە دیپۆرتکردنەوەکە دەکرد، دەستنیشانکردنی ناسنامەکانیان بوو."
 
لە یاسا نوێیەکەی دیپۆرتکردنەوەکەدا هاتووە، زیادکردنی ماوەی زیندانیکردنی کۆچبەران بۆ 28 رۆژ تاوەکو کاتی گەڕاندنەوەیان، تاوەکو گوشاری زیاتر لە کۆچبەران بۆ سەلماندن و ئاشکراکردنی پاسپۆرتەکانیان، هەروەها تووندکردنی سزا لەسەر قاچاخچییەکان و دیپۆرتکردنەوەیان. دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانەشی کە تاوانی جۆراوجۆرییان ئەنجامداوە یان رق و کینەیان بەرامبەر جووەکان دەربڕیوە. 
 
یاسایەکی دیکە لە بەرژەوەندی بیانییەکانی ئەو وڵاتە، کورتکردنەوەی ماوەی پێدانی وەڵاتینامەی ئەڵمانی و ئەو کەسانەشی زیاتر لە وەڵاتینامەیەکیان هەیە وەڵاتینامەی ئەڵمانیان پێبدرێت. 
 
ریم عەبالی رادڤان، وەزیری دەوڵەت بۆ کۆچ و کۆچبەری و گونجاندنی ئەڵمانیا دەڵێت، "ئێمە 20 ملیۆن کەسی پاشخانی بیانیمان هەیە، ئێمە لێرە دەمێنین و وڵاتی ئێمەشە."
 
ماوەی پێدانی وەڵاتینامەی ئەڵمانیا لە هەشت ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ کەمدەکرێتەوە، چەندین مەرج دیاریکراوە وەکو، ئەگەر کەسێک لەگەڵ ژینگە و کارەکەی لەو وڵاتە بەباشی خۆی گونجاندووە، ماوەی پێدانی وەڵاتینامەی بۆ کەمبکرێتەوە بۆ سێ ساڵ. 
 
هەرکەسێکیش لە وەڵاتینامەیەک زیاتری هەبێت، منداڵی لە ئەڵمانیا لە دایکبووبێت، بۆ ماوەی پێنج ساڵ مافی مانەوەی دەبێت، دواتر راستەوخۆ دەبنە هاووڵاتیی ئەڵمانی، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بەردەوام بن لە کارکردن و لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ بکرێت، هەروەها دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێن. 
 
ئۆپۆزیسیۆنی گەورەی ئەڵمانیا رەخنە لە مەرجەکانی ئەو پرۆژە یاسایە دەگرێت کە بە دەنگی 382 پەرلەمانتار پەسندکراوە و دەڵێن، "دەبوو ئێمەش وەکو فەرەنسا یاساکانمان تووندتر کردبایە."
 
ئەلکساندەر ترۆم، ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە فراکسیۆنی کرستیان دیموکراتەکانی ئۆپۆزسیۆن، رایگەیاند، "لە کاتێکدا وڵاتانی دیکەی وەک فەرەنسا بە هۆکاری باش و ئەزموونی زۆر ناخۆشیش، بۆ رێگای پێچەوانە دەچن و رێسا و یاساکانی وەرگرتنی وڵاتینامە تووند دەکەن، ئێوە پێچەوانەکەی دەکەن و داواکارییەکان زۆر کەم دەکەنەوە. هاوکارانی خۆشەویست ئەم یاساییە سەردەمیانە نییە و بە هیچ شێوەیەکیش نوێ نییە، ئەمە نوێکردنەوەی یاسایی وڵاتینامە نییە بەڵکو ئەمە یاسایی بێنرخکردنی وڵاتینامە یە کە ئێوە ئەمرۆ دەیخەنە بەردەستمان." 
 
تاوەکو ئێستا نزیکەی 130 هەزار پەناخواز لە ئەڵمانیا قبووڵنەکراون، لە 14 ملیۆن هەڵگری پاسپۆرتی بیانی لەو وڵاتە هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە