پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە

19-01-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بخاتە لیستی تیرۆر و هەروەها ئەو سزایانەی دوای سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن ئێرانەوە بەسەر تاران سەپێندراون، فراوانبکرێن.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19-01-2023، پڕۆژەبڕیاری داواکاری پەرلەمانی ئەوروپا لە 27 وڵاتەکەی یەکێتییەکە بۆ بە "تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران" خرایە دەنگدان و بەبێ دژایەتیکردن داواکە تێپەڕێندرا.
 
لە پاڵ زیادکردنی بۆ لیستی تیرۆر، پەرلەمانی ئەوروپا داوا لە یەکێتیی ئەوروپا دەکات هەر مامەڵەیەکی دارایی یاخود ئابووری کە پەیوەندی بە سوپای پاسدارانەوە هەبێت، قەدەخە بکرێت.
 
کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا لەکاتێکدا بەڕێوەچوو، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 23ی کانوونی دووەمی 2023، وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە و چاوەڕواندەکرێت سزای زیاتر بەسەر تاران بسەپێندرێت.
 
دەنگدانەکەی ئەمڕۆ دوای چوار مانگ لە بەڕێوەچوونی خۆپێشاندان لە ئێران دێت کە بە گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ئەیلوولی 2022 لەدوای دەستبەسەرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران، دەستیپێکرد.
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، وڵاتانی ئەوروپای ئاگادار کردەوە لەوەی سوپای پاسدارانی ئێران نەخەنە لیستی رێکخراوە "تیرۆرستییەکان"ـی یەکێتییەکەوە.
 
وەزیری دەرەوەی ئێران بە بۆرێڵی راگەیاند: "ئێمە بەردەوام رامانگەیاندووە سوپای پاسداران رێکخراوێکی سەربەخۆ و فەرمییە، کە رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی ئێران".
 
هەروەها عەبدوڵڵاهیان گوتی: "ئەو هەنگاوانەی لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە دەهاوێژرێن بۆ دانانی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر، شێوازێکە لە تەقەکردن لە پێی ئەوروپا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.