سەرۆکی چین لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە گوندەکانی چین "نیگەرانە"

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی چین "نیگەرانیی" خۆی سەبارەت بە تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە گوندەکانی وڵاتەکەی خستەڕوو، لە کاتێکدا ملیۆنان کەس بەبۆنەی سەری ساڵی چینییەوە لە شارەکانەوە روودەکەنە گوندەکان.
 
شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەرگریی لە سیاسەتی خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا کرد، لە کاتێکدا لە ماوەی رابردوودا بووە هۆی پەککەوتنی ئابووری و خۆپێشاندانی گەورە و دەڵێت، ئەو سیاسەتەی پەیڕەوی کردووە، "بژارە راستەکەیە."
 
سەرۆکی چین رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ  ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و پێی راگەیاندن، لە دۆخی گوندەکان نیگەرانە لە کاتێکدا لە پشووەکانی سەری ساڵ نزیکدەبنەوە.
 
میدیای چینی بڵاویکردەوە، "شی جینپینگ رایگەیاند، ئەو بە شێوەیەکی سەرەکی نیگەرانی ناوچە گوندنشینەکانە دوای ئەوەی کە رێوشوێنەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەستکاریکران."
 
هەروەها میدیای چین جەخت لە هەوڵەکانی بەرەوپێشبردنی چاودێریی پزیشکی دەکاتەوە بۆ ئەوانەی زۆرترین مەترسیی ڤایرۆسەکەیان لەسەرە.
 
بەگوێرەی میدیاکە، شی جینپینگ گوتووشیەتی، "پێشگیریکردن و کۆنترۆڵکردنی پەتا چووەتە قۆناخێکی نوێوە. ئێمەش تائێستا بە کاتێکدا تێدەپەڕین کە پێویستی بە هەوڵی مەزنە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی پێشگیریکردن و کۆنترۆڵکردنی پەتا لە ناوچە گوندنشینەکان."
 
لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری گواستنەوە پێشبینییان کردووە زیاتر لە دوو ملیار گەشت لە ماوەی 40 رۆژی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات بکرێن، واتە نزیکەی دوو هێندەی ساڵی رابردوو و هاوتای 70%ی ساڵانی پێش کۆرۆنا. بەگوێرەی میدیای چینی، تەنیا رۆژی چوارشەممە، 30 ملیۆن و 200 هەزار کەس گەشتیان کردووە.
 
ئەم گەشتکردنە بەکۆمەڵە، چاوەڕێ دەکرێت ببێتە هۆی زیادبوونی تووشبووانی کۆرۆنا لە گوندەکانی ئەو وڵاتە.
 
مانگی رابردوو، دوای دروستبوونی ناڕەزایی بەرفراوان، پەکین رێکارە تووندوتۆڵەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای هەڵوەشاندنەوە، کە خۆی لە داخستنی بازاڕەکان و پشکنینی بەکۆمەڵی زۆرەملێدا دەبینییەوە.