میزکردن لە شوێنە گشتییەکاندا لەندەن ناچار بە بەکارهێنانی بۆیەیێکی تایبەت دەکات

19-01-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ناوچەیەکی نێوەڕاستی لەندەن کە بە قەرەباڵخیی شەو بە نێوبانگە و شوێنی ژیانی هەزاران کەسە، بەدەست ئەو کەسانەوە گیری خواردووە کە لە شوێنە گشتییەکان میز دەکەن، بۆیە بڕیاردراوە جۆرە بۆیەیێک لە دیواری خانوو و باڵەخانەکانی ئەو ناوچەیە بدرێت کە هەر کەسێک میزی پێدا بکات، میزەکە هەڵدەپڕژێتەوە بەسەریدا.
 
ناوچەی سۆهۆ کە لە پاڵ خانوو و یەکەکانی نیشتەجێبوون، پڕە لە یانە، خواردنگە و هۆڵەکانی شانۆ، دەستیکردووە بە بۆیەکردنی دیوارەکانی.
 
ئەو بۆیەی کە بەکاردەهێنرێت، لە جۆری سپرایە، بێ رەنگ و دژە ئاوە، بە جۆرێک کە میزی پێدا دەکرێت، دەیپڕژێنێتەوە دواوە، بەو جۆرە، وا دەکات سەرپێچیکاران دەستبەجێ باجی میزەکەیان بدەن.  
 
ئایچا لێس، ئەندامی شارەوانیی ناوچەکە دەڵێت: "ئەم رێگەیە زۆر سەرکەوتووە."
 
نزیکەی سێ هەزار کەس لە ناوچەی سۆهۆ سکاڵایان تۆمارکردبوو لەسەر ئەو کەسانەی شەوان بە دیوارەکانیانەوە دەمیزن و بوونەتە هۆی بڵاوبوونەوەی بۆنی ناخۆش.  
 
لێس دەڵێت: "وەکو دیارە میز شتێکی زۆر ئاسوودەکەر نییە و خەڵکەکەشمان زۆر تووڕەن. بەیانییان هەر کە قاچیان لە ماڵەوە خستە دەرەوە، بۆنی گەنیوی میز دەکەن."
 
بەرپرسەکە ئاماژە بەوەش دەکات، خەڵک "مافی خۆیانە لە ژینگەیەکی پاک و سەلامەتدا بژین."
 
شارەوانیی ناوچەکە دوای ئەوەی کە زانیویەتی ئەم جۆرە بۆیە لە ئەڵمانیا سەرکەوتوو بووە، بڕیاریداوە لە 10 شوێنی سۆهۆ بەکاریبێنێت کە زۆرترین میزیان لێ دەکرێت. 
 
ئەو دیوارانەشی کە بۆیەکەیان لێ دراوە، ئاگادارکردنەوەیان لێدراوە کە لەسەری نووسراوە: "ئەم دیوارە شوێنی میزکردن نییە." 
 
ناوچەی وێستمنستەری لەندەن ساڵانە 1.24 ملیۆن دۆلار لە پاککردنەوەی شەقامەکانی خەرجدەکات، کە بەشێکی لە پاککردنەوەی دیوار و شۆستەکان لە میز، دەڕوات. 
 
لێس دەڵێت: "شەش مانگی دیکە دەزانین کاریگەرییەکەی چییە یاخود ئایا بۆنەکە لە هەوادا کەمدەبێتەوە یان نا."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.