دۆناڵد ترەمپ داوای ئەکاونتەکەی لە فەیسبووک دەکاتەوە

19-01-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا داوا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک دەکات لاپەڕە فەرمییەکەی لە فەیسبووک بۆ بگەڕێننەوە. فەیسبووکیش دەڵێت، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیار دەدات. ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ بەنیازە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا خۆی بەربژێر بکاتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 18-01-2022، سکۆت کاست، پارێزەری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نامەیەکیان بۆ کۆمپانیای مێتا ناردووە کە تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، داخستنی لاپەڕەکەی دۆناڵد ترەمپ "رێگری و قەدەخکردنێکی لەرادەبەدەر بوو لەبەردەم ئازادیی رادەربڕیندا."
 
لە 7ی کانوونی دووەمی 2021، تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لاپەڕەی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکای داخست، ئەوەش دوای ئەوە هات کە رۆژێک پێش ئەوە لایەنگرانی ئەو سیاسەتڤانە هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە واشنتن. ئەو رووداوە لە ئەمریکا وا لێکدرایەوە کە دۆناڵد ترەمپ داوای لە لایەنگرانی کردبێت ئەو هێرشە بکەن، چونکە بە گوتەی خۆی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا کرابوو.
 
سکۆت کاست دەڵێت، داوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ کۆمپانیای مێتا لەبارەی لابردنی قەدەخەی سەر دۆناڵد ترەمپ کردووە، کە پێش ئەوەی دابخرێت 34 ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو. داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەڕاندنەوەی لاپەڕەکەی لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ بەنیازە خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لەسەر پارتی کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنی 2024 بەربژێر بکاتەوە.
 
سکۆت لە نامەکەیدا بۆ کۆمپانیای مێتا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەردەوامبوونی ئەو قەدەخەیە لەسەر لاپەڕەی فەیسبووکی دۆناڵد ترەمپ هەوڵی کۆمپانیاکە دەردەخات بۆ بێدەنگکردنی دەنگی سیاسیی دۆناڵد ترەمپ.
 
لە کانوونی یەکەمی رابردوودا، ئەنجوومەنێکی کۆنگرێس داوایکردووە دۆناڵد ترەمپ بە تۆمەتی هەبوونی رۆڵ لە هێرشەکەی سەر کۆنگرێسدا دادگایی بکرێت.
 
فەیسبووک تەنیا جێگە نییە کە لاپەڕەکانی دۆناڵد ترەمپی سڕکردبێت، بەڵکو تویتەریش لەدوای هێرشەکەی سەر کۆنگرێس لاپەڕەکەی داخست کە 88 ملیۆن شوێنکەوتووی هەبوو. لە تشرینی دووەمی رابردوودا ئیلۆن مەسک، گەورە ملیاردێری جیهان و خاوەنی کۆمپانیای تویتەر هەژمارەکەی بۆ ترەمپ گەڕاندەوە.
 
ترەمپ لەو ماوەیەدا کە لە هەردوو تۆڕە زەبەلاحەکەی جیهان بلۆک کرابوو، تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە خۆی دروستکرد بەناوی "ترووس"، بەڵام نزیکەی پێنج ملیۆن شوێنکەوتووی هەیە.
 
کۆمپانیای فەیسبووک لەبارەی بڕیاری گەڕاندنەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیان رایانگەیاندووە، "لە چەند هەفتەی داهاتوودا بڕیاری خۆیان لەبارەی پرۆسەی گەڕانەوەکەوە بڵاودەکەنەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.