ترەمپ چۆن لە ژەنەراڵەکانی تووڕە دەبێت؟


رووداو - هەولێر

لە کتێبێکدا بەناوی "بلیمەتە زۆر سەقامگیرەکە: تاقیکردنەوەی ئەمریکای دۆناڵد جەی ترەمپ" کە بڕیارە 21-1-2020 بڵاوببێتەوە، باس لەوە کراوە کە ترەمپ لە ژەنەراڵەکانی سوپاکەی تووڕە بووە و بە "کۆمەڵێک هۆگری ماددەی هۆشبەر و منداڵ" ناویبردوون.
 
پێشتر باس لەوە کرابوو کە رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکدا سەرۆکی ئەمریکای بە "گەمژەیەکی نەفرەتی" ناوبردووە، ئێستا ئەو کتێبە کە بڕیارە بڵاوببێتەوە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە و باسی لەوە کردووە کە تیلەرسن لە کۆبوونەوەیەکدا دوای ئەوەی ترەمپ قسەی کردووە، بە ترەمپی گوتووە "تۆ هەڵەیت، هیچ لەو قسانەت راست نین" دواتریش ترەمپی بە "گەمژەیەکی نەفرەتی" ناوبردووە؛ هەروەها لە کتێبەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، ترەمپ زۆر لە ژەنەراڵەکانی تووڕە بووە کاتێک بنەما سەرەکییەکانی مێژووی دوای جەنگی ئەمریکایان بۆ باسکردووە.
 
لە کتێبەکەدا باس لەوە کراوە، دوای شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ژەنەراڵەکان لە سوپای ئەمریکا بەمەبەستی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی دروستبوون، سەرۆکی ئەمریکایان بانگهێشتی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە کۆشکی سپی (ناسراو بە سچوەیشین رووم) کردووە، لەوێ سەرکردە سەربازییەکان زانیارییان داوە بە ترەمپ لەبارەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، هۆکاری هێشتنەوەیان لە بەرەی ئەمریکا و شوێنەکانیان لە جیهاندا.
 
وەکو دەگوترێت، لە کتێبەکەدا باس لەوە کراوە کە بەنزیکەیی راستەوخۆ لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەکە ئاژاوە دروستبووە، رێکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەوکات، جەیمس ماتیس، وەزیری بەرگریی ئەوکات و گاری کۆهن، بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانی هەوڵیانداوە خاڵەکانیان بۆ ترەمپ روونبکەنەوە، بەڵام ترەمپ زۆر تووڕە بووە.
 
لەکاتی کۆبوونەوەکەدا، لە شوێنێکدا ترەمپ گوێی لە راوێژکارێک دەبێ کە وشە یاخود دەستەواژەیەک دەڵێ، بۆ نمونە وشەی "بنکە"ی گوێلێبووە و راوێژکارەکەی راگرتووە و گوتوویەتی "چەندە شێتانە و گەمژانەیە پارە بدەین بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی لە هەندێک وڵات".
 
هەروەها ترەمپ سکاڵای دەربڕیوە لەبارەی کۆریای باشوور، پێشتر لەوبارەیەوە گوتبووی، کۆریای باشوور دەبێت 10 ملیار دۆلار بدات بۆ ئەو سیستەمی بەرگرییە مووشەکییەی کە ئەمریکا بۆی بونیادناوە. سیستەمە بەرگرییەکە بەشێوەیەکە کە مووشەکی کورتمەودا، مامناوەند و درێژمەودا لە کۆریای باکوورەوە دەخاتەخوارەوە بۆ پاراستنی کۆریای باشوور و هێزەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە، بەڵام ترەمپ پێشنیاری کردووە کە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکشێنەوە یاخود کۆریای باشوور پارە بدەن بۆ پاراستنیان.
 
ترەمپ گوتووشیەتی "دەبێ ئێمە ئەوان ناچارکەین پارە بدەن، دەبێت پارە بدەن بە سەربازەکانمان و لە هەموو شتێک پارە پەیداکەین".
 
هەر بەپێی ئەو کتێبە کە بڕیارە دوو رۆژی دیکە بڵاوبکرێتەوە، ترەمپ رێکخراوی ناتۆی بە "بێکەڵک" ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردووە کە ژەنەراڵەکانی ئەمریکا رێگەیانداوە وڵاتانی ئەندام لە کەیسەکانی کوشتن دەربازبن و گوتوویەتی "وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ناتۆ پارەیەکی زۆر قەرزداری ئەمریکان".
 
بەپێی چەند پەرەگرافێک لەو کتێبە کە بڵاوکراونەتەوە، کاتێک رێکس تیلەرسن ویستوویەتی لەبارەی هاوپەیمان و کۆمپانیاکانەوە قسە بکات و گوتوویەتی "لەڕاستیدا..." دواتر ترەمپ رایگرتووە و گوتوویەتی "نامەوێ گوێم لەو قسەیە بێت. ئەوان فێڵ لە ئێمە دەکەن، من بەردەوام پێتان دەڵێم و کاتتان دەدەمێ، بەڵام ئێوە بەردەوام دوادەکەون، دەمەوێ لەوە بچمە دەرەوە".
 
ترەمپ جەنگی ئەفغانستانی بە "جەنگێکی دۆڕاو" ناوبردووە و بە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەشی گوتووە "ئێوە هەمووتان دۆڕاون، ئێوە چیتر نازانن چۆن بیبەنەوە"، پرسیویشیەتی کە بۆچی ئەمریکا نەیتوانیوە لە بەرامبەر ئەو هێزە سەربازییەی لە کەنداوی فارس جێگیریکردووە هەندێک نەوت وەرگرێت و گوتوویەتی "ئێمە حەوت ترلیۆن دۆلارمان خەرجکردووە، ئەوان لێمان دەبەن، نەوتە نەفرەتییەکە لەکوێیە؟"
 
دەگوترێت ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا هێندە تووڕە بووە تاوەکو کار گەیشتووەتە ئەوەی بە ژەنەراڵ و بەرپرسە سەربازییەکان بڵێ "من لەگەڵ ئێوە ناچمە ناو جەنگەوە، ئێوە کۆمەڵێک هۆگری ماددەی هۆشبەر و منداڵن".