كوردێك خواردنی هەرزان دەداتە كاتالۆنییەكان

رووداو – بارسێلۆنا

لە نێوەڕاستی بازاڕی شاری بارسێلۆنا كە دەكەوێتە نزیك شەقامی رامبڵای بەناوبانگ، رێستورانتێكی كوردی هەیە كە عەزیز میرزۆ، گەنجێكی كوردی رۆژئاوای كوردستان بەڕێوەی دەبات. عەزیز 16 ساڵە لە قامیشلۆوە رووی لە هەرێمی كاتالۆنیا كردووە. بەیانیان زوو رێستورانتەكەی دەكاتەوە و تاوەكو كاژێر 12ی شەو خواردنی كوردی و ساندویچی جۆراوجۆر پێشكەشی میوانان دەكات.


نێوەڕاستی مانگی ئەیلولی رابردوو لە بارسێلۆنا بووم، شارێكی زۆر سەرنجڕاكێش كە كەشوهەواكەی لە چاو وڵاتانی دیكەی ئەوروپا گەرمە، ئەوكات خۆر كەمێك درەنگ ئاوا دەبوو، كاژێر 9ی شەو بە كاتی كوردستان، ئاسمانی بارسێلۆنا هێشتا رووناك بوو.

زۆر خێزانی كورد لە بارسێلۆنا هەن ئەگەرچی ئامارێكی دروست لەبارەیانەوە نییە. لەو باوەڕەدا بووم كورد لەو شارە هەر نەبن، چونكە كۆچبەرانی كورد هەمیشە روویان لە وڵاتانی باكووری ئەوروپایە، بەڵام ئەو ژمارە كەمە كوردەی لە ئیسپانیا هەن، بە تایبەتی لە بارسێلۆنای پایتەختی هەرێمی كاتالۆنیا، كوردیان وەكو گەلێكی ئاشنا لای كاتالۆنییەكان ناساندووە. لەوێ سەردانی خێزانێكی كاتالۆنیمان كرد، كاتێك زانییان كوردین، بە زمانی كوردی بەخێرهاتنیان كردین.

گەنجانی كورد لە بازاڕەكانی ئەو شارەدا كاردەكەن و دووكان و ماركێت و ریستورانت و سەرتاشخانەیان هەیە. 
عەزیز  میرزۆ بە دەم ئامادەكردنی ساندویچەوە بۆ موشتەرییەكانی، بە (رووداو)ی گوت "ئێمە خواردنی سووك دروستدەكەین، چونكە ئێرە شوێنی كرێكارانە زیاتر، هەروەها رێستورانتەكەمان دەكەوێتە نێوان دوو قوتابخانە كە رۆژانە قوتابییەكان لێرەوە هاتوچۆ دەكەن، زۆربەیان دێنە ئێرە ساندویچ دەكڕن و دەیخەنە نێو جانتاكانیان، یاخود بەدەم رێگەوە دەیخۆن، ئەمەش بازاڕی ئێمەی گەرم كردووە".

عەزیز لەبارەی داهاتی رۆژانەی كافتریاكەی دەڵێت كە رۆژانە لانیكەم 400 – 800 یۆرۆ داهاتی رێستورانتەكەیەتی، ئەو دەڵێت "داهاتێكی باشم هەیە، مانگانە دوای كرێ‌ و باج، هێشتا نیوە زیاتری داهاتەكەم بۆ دەمێنێتەوە".

عەزیز كە لەگەڵ غەنی میرزۆی مامی ئەو ریستورانتەیان داناوە، شوێنێكیان لە سەنتەری شاری بارسێلۆنا گرتووە و ناویان لە رێستورانتەكەیان ناوە نارین.

رێستورانتەكە لەفەی گەسی گۆشتی ئاژەڵ و مریشك و فەلافل و چەندین جۆر زەڵاتەی هەیە. جگە لە لەفە، بەردەوام ساوار و كەشك و فاسۆلیای سپی و مریشك و باینجانیش ئامادە دەكەن.

عەزیز دەڵێ: "شەوان قوتابی و كرێكار نامێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سینەمایەك لە نزیك ئێمە هەیە، خەڵك كاتێك بۆ سینەما دەچن، لێرە لەفە و هەندێك زەڵاتە دەكڕن و لەگەڵ خۆیان دەیبەن، هەروەها كاتێكیش تەواو دەبن، هەر دێنەوە ئێرە، بۆیە تاوەكو كاژێر 12ی شەو بازاڕمان بەردەوامە".



نرخی خواردنی رێستورانتەكەی ئەوان لە تەواوی بازاڕی بارسێلۆنا هەرزانترە، بۆیە كڕیارێكی زۆری هەیە، یەكێك لە كڕیارەكانی بەناوی ئەنتۆنیۆ دەڵێ: "لە شوێنی زۆر دوورەوە بۆ خواردن دێینە ئێرە، چونكە تامی خواردنەكانی خۆشە و هەروەها لە چاو بازاڕ هەرزانە، من زۆر حەزم لە فەلافلە".

هەرێمی كاتالۆنیا لە چوار شار پێكهاتووە و بارسێلۆنا پایتەختەكەیەتی، نزیكەی 100 ساڵە خراوەتە سەر شانشینی ئیسپانیا، خەڵكەكەی و بەشێك لە پارتەكانی بەردەوام هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن، بەڵام سەركەوتوو نەبوونە.

كاتالۆنیا لە 1/10/2017 گشتپرسیی كرد، نزیكەی 90%ی دەنگەكان بەڵێ بوون بۆ جیابوونەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا گشتپرسییەكەیان بە نایاسایی لەقەڵەمدا. ئەگەرچی سەربەخۆییشیان راگەیاند، بەڵام ئیسپانیا بە پشتبەستن بە ماددەی 155ی دەستووری وڵاتەكەیان بڕیارەكەیانی هەڵوەشاندەوە.

عەزیز دەڵێت بەهۆی گشتپرسی و بانگەشەكانی گشتپرسیی كاتالۆنیا، خەڵكێكی زۆر لە دەرەوەی شارەكان و لە وڵاتانی دیكەشەوە دەهاتنە بارسێلۆنا، ئەوكاتە شار قەرەباڵخ دەبوو، بازاڕی ئێمەش زۆر باش بوو.

كەشوهەوای هەرێمی كاتالۆنیا، وایكردووە بازاڕی زۆربەی شارەكانی تاوەكو كاژێر 12ی شەو كراوە بن، ئەمەش بەخێر بۆ عەزیز و هاوپیشەكانی شكاوەتەوە، بەتایبەتی لە كۆتایی وەرزی بەهار تاوەكو ناوەڕاستی وەرزی پایز. لە مانگی ئاب و ئەیلولدا كە زۆرتر بە مانگی پشوودان ناسراوە، لە سەرانسەری جیهان و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاوە خەڵكی بۆ گەشت روو لە هەرێمی كاتالۆنیا دەكەن، چونكە كەشوهەواكەی فێنكە، هەروەها بەشێكی زۆری خەڵكیش بۆ جەژنی كریسمس لە سەرەتای ساڵی نوێ لەوێ‌ دەمێننەوە، بۆیە رێستورانت و كافێكانی تاوەكو درەنگانی شەو كراوەن.