یەكێتیی ئەورووپا بۆ رووداو: دەبێت سەرکردایەتیی نوێی سووریا ئەوە بکات کە دەمانەوێت بیبنین

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
لە راستەوە بۆ چەپ: راوێژکاری ئەڵمانیا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا
لە راستەوە بۆ چەپ: راوێژکاری ئەڵمانیا، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا و سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی گوت "ئێستا سووریاییەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە ئاشتیدا بژین." بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپاش گوتی "پێویستە سەرکردایەتیی نوێی سووریا ئەوە بکات کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین." سەرۆکوەزیرانی بەلجیکاش داوای کرد رێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگیرێت.
 
رۆژی چوارشەممە، 18-12-2024 لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی بەڵکان لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا بەڕێوەچوو. رووداو لەوێ ئامادەبوو و سەرکردە باڵاکان لەسەر دۆخی سووریا قسەیان بۆ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو کرد.
 
ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا بە رووداوی رایگەیاند، "پێویستە ئێستا هەموو ئەوە بزانین ئەسەد کۆتاییهات، ئەمەش باشترین شتە. دیکتاتۆرێک بوو کە هێرشی دەکردە سەر گەلەکەی خۆی و دەیکوشتن. ئەو تاوانبارە بەوەی قێزەونترین تاوانەکانی بەرامبەر گەلی خۆی کردووە."
 
شۆڵتز گوتی، ئێستا سووریاییەکان دەرفەتی ئەوەیان هەیە لە ئاشتیدا بژین و لەگەڵ دراوسێکانیان بە ئاشتییانە پەیوەندییان هەبێت.
 
 
راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا؛ دەستیان کردووە بە گفتوگۆ و پەیوەندی بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، گوتی "کاتێک یاسا سەرەوەر بێت؛ پرەنسیپەکانی دیموکراسییەت پێڕەو دەکرێن و دەبێتە هۆی ئەوەی فرەڕەنگی سووریا پەسند بکرێت، کە تێدا نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان هەموو پێکەوە بە ئاشتیانە بژین. ئێمە چاودێری دەکەین، ئێستاش دەستمان کردووە بە گفتوگۆکردن و پەیوەندییکردن، ئەو مەرجانە بۆ ئێمە گرنگە ئەگەر بمانەوێ بەشدار بین لەو پرۆسەیەدا."
 
دوای رووخانی حکومەتی بەشار ئەسەد، سەرۆکی هەڵاتووی سووریا لە 08-12-2024؛ ئێستا پەیتاپەیتا وڵاتانی جیهان لە نێویاندا وڵاتانی ئەورووپا، شاندی خۆیان بۆ دانوستاندن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا دەنێرن. 
 
هەریەک لە فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا شاندە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بۆ دیمەشق ناردووە. جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیاش رایگەیاند، رۆما "ئامادەیە کار لەگەڵ سەرکردایەتیی نوێی سووریا بکات، بەڵام پێویستە زۆر وریابین."
 
کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا گوتی "بەیانی لەسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گفتوگۆمان دەبێت. پێموایە زۆر گرنگە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە پێکەوەین."

 

 
کالاس گوتیشی، "وڵاتانی عەرەبی و تورکیا، هەروەها ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاش هاوڕابوون لەسەر ئەوەی؛ پێویستە سەرکردایەتیی نوێی سووریا ئەوە بکات کە ئێمە دەمانەوێت بیبینین بۆ ئەوەی سووریا گەشە بکات."
 
ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا بە رووداوی گوت "پێموایە گرنگە رێز لە سەروەریی خاکی سووریا بگیرێت، پێویستە هەموو شتێک بۆ ئاشتی لە سووریا بکرێت؛ بۆ ئەمەش ئەو خەڵکەی دەیەوێت بڕواتەوە سووریا، دەتوانن بڕۆنەوە."
 
دیکروو هەروەها گوتی "ئێمە پێویستە ئیدی رێگە لەو تەنگژە ناوچەییانە بگرین، کە چەندین وڵاتیان تێدا تێوەگلاوە. بانگەوازی ئێمە بریتییە لە راگرتنی توندووتیژییەکان و رێزگرتن لە سەروەریی خاکی سووریا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە