رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە لیندسی گرام و کریس ڤان هۆڵن، سیناتۆرانی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، لە راگەیێنراوێکی هاوبەشدا داوا دەکەن: "ناوچەی داماڵدراو لە چەک لە کۆبانێ پێکبهێنرێت." دەشڵێن، ئەگەر تورکیا رازی نەبێت، سزای دەدەن.
گرام کۆمارییە و هۆڵن دیموکراتە، راگەیێندراوەکەیان بە هاوبەشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردووەتەوە.
بەگوتەی دوو سیناتۆرەکە، ئەو راگەیێنراوە لەدوای قسەکردن لەگەڵ "مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات" بڵاوکراوەتەوە. ئەو دوو سیناتۆرە رەخنە لە تورکیا دەگرن و دەڵێن: "لە سەروبەندی رووخانی رژێمی ئەسەد، هێزەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن تورکیا، هێرشەکانیان لە دژی کوردە هاوبەشەکانمان لە سووریا زیادکردووە. ئەو هێزانە هەڕەشە لە ئەرکی گرنگی رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەکەن."
گرام و هۆڵن رایانگەیاند: "تورکیا هەروەها رەتیکردووەتەوە ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک بەدرێژایی سنوور، بەتایبەتی لە شاری کۆبانێ رابگەیێنێت."
دوو سیناتۆرەکە دەشڵێن: "تورکیا چەند نیگەرانییەکی رەوای لەبارەی ئاسایشی خۆی هەیە و دەکرێت چارەسەر بکرێن، بەڵام ئەو پێشهاتانە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و ئەمریکاش ناتوانێت دەستەوەستان بێت."
لیندسی گرام، لە دۆناڵد ترەمپ نزیکە لەگەڵ سیناتۆرە دیموکراتییەکەی دیکە گوتیان: "رۆژی 16-12-2024، لەگەڵ فەرماندە مەزڵووم عەبدی قسەمانکرد و دووبارە، پشتیوانیی خۆمان بۆ کوردە هاوبەشەکانمان لە سووریا دووپاتکردوە. ئەمریکا هەموو ئامرازێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی گوشار بکات، بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی بەردەوام و ناوچەیەکی داماڵدراو لە چەک."
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەیان دوو سیناتۆرەکە نووسییان: "ئەگەر تورکیا دەستبەجێ ئەم مەرجانە پەسند نەکات، ئێمە نیازمان هەیە ئەم هەفتەیە پرۆژەیاسای هاوبەشی کۆماری و دیموکرات تایبەت بە سزادان پێشکێش بکەین، هاوشێوەی ئەو پرۆژە یاسایەی ئێمە بە هاوبەشی لە 2019 دا پێشکێشمان کرد."
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 17ـی مانگ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند "جەخت لە پابەندبوونی جێگیرمان بە ئاگربەستێکی گشتگیر لە سەرانسەری سووریا دەکەینەوە، رایدەگەیێنین ئامادەین پێشنیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراو لە شاری کۆبانێ پێشکێش بکەین."
لە هەمان رۆژ، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستان گوتی "لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. پێموایە هەمووان بەرژەوەندییان لەوەدایە دڵنیایی لەوە بدەن گرووپەکانی ناوچەکە دۆخەکە بە جۆرێک لێبکەن کە خەڵکی ناوچەکە بتوانن ژیانێکی باشتریان هەبێت بەراورد بەوەی لە رژێمی ئەسەدا هەیانبوو."
رۆژی سێشەممە، 17ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی "ئاگربەستی منبج تاوەکو کۆتایی هەفتە درێژ کراوەتەوە". گوتیشی، تاوەکو بتوانن ئاگربەستەکە درێژدەکەنەوە.
میللەر گوتی، ئەمە "لە ئەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون لەگەڵ هەسەدە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا، یەکەم رێککەوتنی ئاگربەستیش کە هەفتەی رابردوو هاتەکایەوە، بەهەمانشێوە لە رێگەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانمان بوون، ئەوەش نەک تەنیا لەرێگەی وەزارەتی دەرەوە، بەڵکو ئێمە هێزە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە کە لەنێو سووریان و میکانیزمێکی لەمێژینەی ئاگربەستیان لەوێ هەیە و لەگەڵ حکومەتی تورکیا و هەسەدە کاردەکەن، تاوەکو دڵنیابن هێزەکان و لەنێویشیان هێزەکانی ئەمریکا مەترسییان لەسەر نەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ