نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سینان تونجدەمیر
 نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کۆتاییهێنانی بەپەلەی گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکات
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی سووریا کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد، گرژییەکانی نێوان هەسەدە و تورکیا زۆر نیگەرانیان دەکات و دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێن. 
 
گیێر پێدرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سووریا لەوبارەیەوە رایگەیاند "لە دوو هەفتەی رابردوودا دووژمنایەتییەکی گەورە خرایە بەردەم ئاگربەستی پێنج رۆژەی تورکیا و ئەمریکا لەسەر رووباری فورات، ئاگربەستەکە ئێستا کۆتایی هاتووە و منیش نیگەرانم بەهۆی ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن؛ لە لایەنی سەربازی و جووڵەپێکردنی چەکەوە جموجۆڵ هەیە، پێشهاتێکی لەم شێوەیە، دەتوانێت کارەسات بنێتەوە." 
 
نوێنەری ئەمریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەوان سەرباز و پێگەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان دەپارێزن. 
 
رووداو لە جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکانی پرسی، "لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تورکیا رووبەڕووبوونەوە بەردەوامە و تورکیاش پلان بۆ ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دادەنێت؟ ئێوە لەسەر ئەو پێشهاتانە چی دەڵێن؟"
 
رۆبەرت وود، جێگری نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامدا رایگەیاند "ئێمە ئێستا تەنیا بیر لەوە دەکەینەوە، دەبێت ئاڵۆزییەکان لە سووریا کەمبکرێنەوە، بێگومان ئێستا کاتێکی هەستیارە، هەموو لایەک دەبێت بیر لەوە بکاتەوە، چی لەدەستدێت، بیکات بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، ئەوەش کە گەلی سووریا داوای دەکات؛ ئەمەیە. ئەوان نەیانویست چیدیکە ببنە بارمتەی دەستی رژێمەکەیان و شەڕی زیاتر لە وڵاتەکەیان ببینن، ئەوەش هەمان ئەو شتەیە ئێمە دەمانەوێت بیبینین."
 
رووداو هەروەها پرسی "ئەگەرێکی زۆر هەیە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی نوێ بکات، ئێوە چی دەڵێن؟"
 
رۆبەرت وود گوتی، "ئێمە لەسەر زانیاریی پشتڕاستنەکراوە قسە ناکەین، تەنیا با سەیری بکەین بزانین چی روودەدات. ئێمە کاردەکەین بۆ وەستاندنی ئاڵۆزییەکان و کەمکردنەوەیان، ئێستا گەلی سووریا ئەمە دەخوازێت، ئەمە پێویستییە و هیوایە، بۆیە بۆ هێنانەدی ئەمە کاردەکەن، ئەوەش بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەین ئەمەیە." 
 
لە وەڵامی پرسیاری رووداویش دەربارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان، ئەو نوێنەرەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە دا، "من ئێستا واینابینم کشانەوە هەبێت، بەڵێ دەبێت دڵنیابین لەوەی داعش ناگەڕێتەوە، بۆیە لەگەڵ هاوپەیمانانی دیکە شەڕی دژی داعش بەردەوامی پێدەدەین، لەبەرئەوەی گرنگە رێگە نەدرێت داعش سەرلەنوێ خۆی بنیاتبنێتەوە و تیرۆر لە سەرانسەری جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوبکاتەوە." 
 
لەبارەی هاوکارییە مرۆییەکانیش بۆ سووریا، تۆم فلێچەر، بەڕێوەبەری نووسینگەی کاروبارە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان باسی لەوە کرد، گرژییەکانی رۆژئاوای کوردستان لەمپەر دەخەنە بەردەم هاوکارییە مرۆییەکان، بۆیە دەبێت بەپەلە چارەسەر بکرێن و شەڕ رابگیرێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە