ویڵ سمیس بەرگری لە مسوڵمانانی وڵاتەكەی دەكات

18-12-2015
رووداو @Rudawkurdish
رووداو
رووداو
نیشانەکردن ویڵ سمیس دۆناڵد ترەمپ،
A+ A-

رووداو - هەولێر

ویڵ سمیس، ئەکتەری بەنێوبانگی ئەمریکی، ئەگەر هێرشکردنە سەر مسوڵمانان لەلایەن کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوام بێت، ئەوا خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندیددەکات. 

بەشێک لە کەسایەتییە هونەرییەکان دەخوازن لە بواری سیاسەتدا چانسی خۆیان تاقیبکەنەوە و پۆستێک وەربگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر خەڵک بەردەوام بن لە قسەکردن لەبارەی هەموو شتێکەوە، لەوانەش قسەکردن لەسەر ئیسلام، ئەمە وای لێدەکات بچێتە نێو دنیای سیاسەتەوە.

سمیس روونیشیکردەوە، ئەو دەخوازێت ببێتە سەرۆکی وڵات، ئەگەرنا خۆی بۆ هیچ پۆستێکی دیکە هەڵنابژێڕێت.

ئەو ئەکتەرە سینەماییە پێشتر رایگەیاندبوو، لە دوای کاری هونەری، بیر لە کاری سیاسی دەکاتەوە و بیر لەوە دەکاتەوە رۆژێک لە رۆژان ببێتە سەرۆکی ئەمریکا.

ئەو لێدوانەی ویڵ سمیس لە دوای لێدوانێکی دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا دێت، كە رایگەیاندبوو، ئەگەر ببێتە سەرۆكی ئەمریكا رێگری لە مسوڵمانان دەكات پێ بخەنە خاکی وڵاتەكەی، بۆ ئەوەی رێگری لە هەڕەشە تیرۆرستییەکان بگرێت.

ویڵ سمیس لە رۆژی 25-9-1968 لە ئەمریکا لەدایکبووە. دەستپێکی کاری هونەریی راپ گوتن بووە، داتر رووی لە سینەما کردووە و لە چەند فیلمێکدا رۆڵی سەرەکی گێڕاوە.

سمیس، وەک ئەکتەرێک نزیکەی 50 خەڵاتی سینەمایی بەدەستهێناوە، لەوانە چوار خەڵاتی گرامی و پێشتر بۆ دوو خەڵاتی ئۆسکار و چوار خەڵاتی گۆلدن گلۆب کاندیدکراوە.

ژمارەیەکی زۆر لە فیلمەکانی سمیس، بوونەتە هۆکاری بەناوبانگبوونی، بەتایبەتیش فیلمی سینەمایی  "ئەلی" کە رۆڵی محەمەد عەلی کلای تێدا گێڕاوە و بەهۆیەوە بۆ یەکەمجار کاندیدی خەڵاتی ئۆسکار کرا، وەک باشترین ئەکتەر.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە