وەزارەتی بەرگریی رووسیا: 59 درۆنی ئۆکراینامان خستنەخوارەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، 59 درۆنی ئۆکراینایان‌‌‌‌‌ خستووەتەوە خوارەوە کە زۆربەیان بەرەو ناوچە سنوورییەکان فڕێنرابوون. 
 
راگەیێندراوێکی ئەمڕۆ دووشەممەی وەزارەتەکە دەڵێت: "شەوی رابردوو، هەوڵەکانی رژێمی کیێڤ بۆ هێرشی تیرۆرستیی درۆنی دژی خاکی رووسیا پووچەڵکرانەوە." 
 
دەشڵێت: "59 درۆنی ئۆکراینی لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە تێکشکێنران."
 
بە گوتەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، زۆربەی درۆنەکان لە سێ هەرێمی هاوسنووری ئۆکراینا تێکشکێنراون: 45 لە بریانسک، 6 لە کورسک و 3 لە بێلگۆرۆد. 
 
هەروەها سێ درۆن لە هەرێمی تولا کە دەکەوێتە باشووری پایتەختی وڵاتەکە و دووی دیکە لە هەرێمی مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە. 
 
سێرگی سۆبیانین، شارەداری مۆسکۆ گوتی، یەکێک لە درۆنەکان لە ناوچەی رامنسکۆی و ئەوەی دیکەیان لە پاڤلۆڤۆ پۆساد خراوەتە خوارەوە، بێ ئەوەی زیانی گیانی و مادییان هەبێت.  
 
مۆسکۆ بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە تێکشکاندنی درۆنەکانی ئۆکراینا رادەگەیێنێت، بەڵام زۆربەی کات ژمارەیان لەوانە کەمترە کە رۆژی دووشەممە باسیکردن.
 
کیێڤ دەڵێت، ئەم هێرشانە وەڵامی بۆردوومانی رووسیان بۆ سەر خاکەکەی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە