پیسبوونی هەوای پایتەختی هیندستان 57 جار لە ستانداردی جیهانی زیاترە و قوتابخانەکان داخران

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی دووکەڵی چڕی ژەهراوی، قوتابخانەکانی شاری نیودەلهیی پایتەختی هیندستان داخران و خوێندن کرایە ئۆنلاین.
 
رۆژی یەکشەممە، رێژەی تەنۆلکە پیسکەرەکانی PM2.5 لەنێو هەوای شارەکە 57 جار لەو ستانداردە زیاتر بوو کە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) دایناوە، بۆیە بڕیاردرا دەرگەی قوتابخانەکان تاوەکو کاتێکی نادیار دابخرێن.
 
بەگوێرەی پێگەی IQAirی سویسری کە چاودێریی هەوای جیهان دەکات، ئەمڕۆ رێژەی ئەو تەنۆلکە وردانە کە لە رێگەی سییەکانەوە دەچنە نێو خوێنەوە و دەبنە هۆی تووشبوونی شێرپەنجە زیاتر بوو، بەشێوەیەک کە گەیشتە 60 هێندەی ستانداردی WHO.
 
چوار وەرزی ساڵ، نیودەلهی بە دووکەڵ و تەپ و تۆز تەنراوە.
 
سەرچاوە دووکەڵەکە لە پاڵ کارگە و ئامرازەکانی هاتووچۆ، دەگەڕێندرێتەوە بۆ سووتاندنی پەرێزەکانی ناوچەکانی دەوروبەر لەلایەن جووتیارەکانەوە بۆئەوەی زەوییەکانیان بۆ کێڵان ئامادە بکەن.
 
دامودەزگاکانی شارەکە رایانگەیاند، ئامانج لە داخستنی قوتابخانەکان "رێگریکردنە لە خراپتربوونی" هەوا.
 
بەرپرسانی نیودەلهی هیوایان وایە، بە مانەوەی قوتابییان لە ماڵەوە، هاتووچۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم ببێتەوە.
 
رۆژی دووشەممە، بڕیاردرا چالاکییەکانی بیناسازی و بەکارهێنانی ئەو بارهەڵگر و ئامێرانەی بە گازوایل کار دەکەن، سنووردار بکرێت.
 
حکومەت داوایکرد منداڵ و بەتەمەنەکان و ئەوانەی نەخۆشیی سییەکانیان هەیە، "هێندەی بکرێت، لە ژوورەوە بمێننەوە."
 
بەشێکی زۆری خەڵکی شارەکە ناتوانن ئامێری پاککردنەوەی هەوا بکڕن و ماڵەکانیشیان بەو جۆرە دروست نەکراوە رێگری لە چوونەژوورەوەی هەوای پیس بکات؛ هەوایەک کە بە هۆکاری سەرەکی مردنی پێشوەختی هەزاران کەس دادەنرێت.
 
زیاتر لە 30 ملیۆن کەس لە نیودەلهی دەژین. ئەو شارە لە رووی پیسیی هەواوە بەردەوام لە ریزبەندی یەکەمی شارەکانی جیهاندایە.
 
زستانان هەوای شارەکە خراپتر دەبێت، لەبەر ئەوەی دابەزینی پلەی گەرما و خاوبوونەوەی با، مادە پیسکەرەکان لە نێو هەوادا دەهێڵنەوە.
 
مانگی رابردوو، دادگەی باڵای هیندستان بڕیاریدا کە هەوای پاک مافێکی سەرەتایی مرۆڤە و داوای لە حکومەت کرد، کار بۆ پاککردنی هەواکە بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە