یەکێتیی ئەورووپا بایی 41 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینای کردووە
رووداو دیجیتاڵ
27 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا بایی 41 ملیار دۆلار هاوکاریی ئۆکراینایان کردووە. لەو 27 ئەندامە، ئەڵمانیا زۆرترین هاوکاریی ئۆکراینای کردووە.
هاوکارییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا لە شوباتی 2022 تاوەکو تشرینی یەکەمی 2024 بەمجۆرە بووە:
- ئەڵمانیا
گەورەترین یارمەتیدەری ئۆکراینا لە ئەورووپا ئەڵمانیایە، 13.3 ملیار دۆلاری وەکو هاوکاریی سەربازی و 2.33 ملیاریشی وەکو هاوکاریی مرۆیی بۆ ناردووە. کۆی گشتی 15.63 ملیار دۆلارە.
ئەڵمانیا تانکی لیۆپارد 2، سیستمی دژە فڕۆکەی گێپارد، تۆپهاوێژ و تۆپی بۆ ئۆکراینا ناردووە. لە هاوکارییە مرۆییەکانیش سەرنجی لەسەر خواردن، پەناگە و کەرەستەی پزیشکی بووە.
- پۆڵەندا
پۆڵەندا 3.18 ملیار بۆ سەربازی و 636 ملیۆن دۆلاریشی بۆ هاوکاریی مرۆیی ناردووەتە ئۆکراینا کە کۆی گشتی دەکاتە 3.82 ملیار دۆلار.
پۆڵەندا ژمارەیەک تانک، سیستمی دژە فڕۆکە، درۆن و گوللـەی بۆ ئۆکراینا ناردووە.
- سوێد
سوێد بایی 2.12 ملیار دۆلار دژە تانک، چەک، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و درۆنی بۆ ئۆکراینا ناردووە؛ هەروەها 530 ملیۆن دۆلاری بۆ نیشتەجێکردنی ئاوارەکان، کەرەستەی پزیشکی و خواردن ناردووە. کۆی گشتیی پارەکەش 2.65 ملیار دۆلارە.
- فەرەنسا
فەرەنسا بایی 1.91 ملیار دۆلار مووشەکهاوێژ، دژە فڕۆکە، چەک و تۆپی ناردووەتە ئۆکراینا، 212 ملیۆن دۆلاریشی وەک هاوکاریی مرۆیی ناردووە و کۆی گشتیی پارەکە تاوەکو ئێستا 2.12 ملیارە.
- ئیتاڵیا
بایی 1.59 ملیار دۆلار مووشەکهاوێژ، زرێپۆش، سیستمی بەرگریی ئاسمانی و درۆن، هەروەها 530 ملیۆن دۆلاری وەک یارمەتی بۆ ئاوارەکان و نیشتەجێکردنیان ناردووەتە ئۆکراینا.
کۆی گشتی یەکسانە بە 2.12 ملیار دۆلار.
- هۆڵەندا
ئۆکراینا بایی 1.49 ملیاری لە هۆڵەندا وەرگرتووە کە 1.06 ملیار بۆ کڕینی سیستمی بەرگریی ئاسمانی، تانک و درۆن بووە؛ هەروەها 424 ملیۆن دۆلاریش بۆ خواردن، کەرەستەی پزیشکی، پەناگە و پاڵپشتیی دارایی بووە بۆ هاووڵاتییانی هەڵاتووی هۆڵەندا.
- ئیسپانیا
هاوکاریی سەربازیی ئیسپانیا بۆ ئۆکراینا 1.06 ملیار دۆلار بوو، 371 ملیۆن دۆلاریش بۆ خواردن و پاڵپشتیی ئاوارە و پەنابەرەکان بووە کە هەمووی دەکاتە 1.43 ملیار دۆلار.
- چیک و فینلاند
کۆماری چیک 848 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی تانک، مووشەکهاوێژ، سیستمی دژە فڕۆکە و درۆن بۆ ئۆکراینا ناردووە. 127 ملیۆن دۆلار لەو ماوەیە وەکو هاوکاریی مرۆیی بووە و کۆی گشتی 975 ملیۆن دۆلار بوو.
فینلاند کۆی 763 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراینا ناردووە، لەو بڕە 636 ملیۆن بۆ کەرتی سەربازی و 127 ملیۆنیش وەکو هاوکاریی مرۆیی نێردراوە.
- لاتڤیا و لیتوانیا
ئۆکراینا لە ماوەی جەنگدا بڕی 371 ملیۆن دۆلاری لە لاتڤیا وەرگرتووە. 318 بۆ سەربازی و 53 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران بوو.
لیتوانیا لەو ماوەیە 488 ملیۆن دۆلاری بۆ ئۆکراینا ناردووە. 424 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی مووشەکی دژە تانک، درۆن، ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕ و تۆپ بوو. 64 ملیۆن دۆلاریش وەکو هاوکاریی مرۆیی بوو.
- یۆنان، رۆمانیا و دانیمارک
سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەیەکەوە 954 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئۆکراینا ناردووە بۆ ئەوەی یارمەتیی سوپای وڵاتەکە بدەن، 297 ملیۆنیش بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران بووە. کۆی گشتی یۆنان 191 ملیۆن، رۆمانیا 424 ملیۆن و دانیمارکیش 636 ملیۆنیان ناردووە.
- سلۆڤاکیا، بەلجیکا، بولگاریا و ئایرلاند
ئۆکراینا کۆی گشتی ملیارێک و 162 ملیۆنی لەو چوار وڵاتە لەماوەی جەنگی وڵاتەکەی وەرگرتووە. لەو پارەیە 811 ملیۆن بۆ کەرتی سەربازی و 324 ملیۆن دۆلاریش بۆ هاوکاریی مرۆیی بوو.
- پۆرتوگال، نەمسا، ئیستۆنیا و کرواتیا
ئەو چوار وڵاتە بەیەکەوە ملیارێک و 119 دۆلاریان بۆ ئۆکراینا تەرخانکرد. هەر چواریان بڕی 827 ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی و 292 ملیۆنیشیان هاوکاریی مرۆیی ناردە ئۆکراینا.
- قوبرس، لۆکسەمبۆرگ، سلۆڤینیا، ماڵتا و هەنگاریا
هاوکاریی ئەو وڵاتانە بۆ ئۆکراینا بەمجۆرە بووە: قوبرس 32 ملیۆن هاوکاریی سەربازی و 42 ملیۆن هاوکاریی مرۆیی؛ لوکسەمبۆرگ 43 ملیۆن سەربازی و 53 ملیۆن مرۆیی؛ سلۆڤینیا 53 ملیۆن بۆ کەرتی سەربازی و 27 ملیۆنیش بۆ مرۆیی؛ ماڵتا 11 ملیۆن دۆلار بۆ هاوکاریی سەربازی و 27 ملیۆن دۆلار بۆ مرۆیی؛ هەنگاریا 43 ملیۆن هاوکاریی سەربازی و 32 ملیۆن هاوکاریی مرۆیی. کۆی گشتیی پارەی هەر پێنج وڵاتەکە لەو ماوەیە بۆ ئۆکراینا 363 ملیۆن دۆلار بووە.