ئەردۆغان لە لووتکەی G20: دوو ملیۆن کەس لە غەززە ئاو و خۆراکیان دەست ناکەوێت

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی لووتکەی G20دا رایگەیاند، دوو ملیۆن کەس لە غەززە ئێستا دەستی بە ئاو و خۆراک ناگات.
 
دوای ئەوەی بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی وڵاتانی G20 گەیشتە بەرازیل، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بەشداری لە دانیشتنێکی تایبەتیی لووتکەکە بەناوی "بەرەنگاربوونەوەی برسێتی و هەژاری" کرد و لەوێدا باسی لە دۆخی غەززە کرد.
 
بەر لە دەستپێکی دانیشتنەکەدا تۆمارێکی ڤیدیۆیی تایبەت بە هاوپەیمانیی جیهانی لە دژی برسێتی و هەژاری پێشکێش بە ئامادەبووان کرا.
 
دانیشتنەکە دوای پێشکەشکردنی گوتارێک لەلایەن سەرۆکی بەرازیل لولا دا سیلڤا، بە داخراوی بە رووی راگەیاندنەکاندا کرایەوە. 
 
لە دانیشتنەکەدا رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەڵەستین و لوبنان کرد و گوتی: "96٪ی دانیشتووانی غەززە، بە واتایەکی دیکە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەستیان بە خۆراک و ئاو ناگات. ئێمە وەک تورکیا زیاتر لە 86 هەزار تۆن کۆمەکمان گەیاندووەتە غەززە و بۆ لوبنانیش هاوکارییەکانمان گەیشتووەتە هەزار و 300 تۆن".
 
ئەردۆغان هەروەها داوای دەستبەجێی ئاگربەستی هەمیشەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دۆخی کارەساتباری غەززە کرد.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، لووتکەی سەرکردەکانی G20 لە شاری ڕیۆ دێ جانیرۆ-ی پایتەختی بەرازیل بەردەوامە.