رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا بڕیاریداوە چوار هەزار درۆنی ئاراستەکراو بە ژیریی دەستکرد، بۆ بەرەکانی جەنگی ئۆکراینا بنێرێت؛ ئەمە لەکاتێکدایە ئەڵمانیا هێشتا بڕیاری ناردنی مووشەکی دوورمەودای بۆ کیێڤ نەداوە.
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024 بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە هەرێمی باڤاریای وڵاتەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت، وڵاتەکەی 4000 درۆن دەنێرێتە ئۆکراینا. وەزیری بەرگریی لەبارەی جیاوازیی درۆنەکانەوە گوتی: "درۆنەکان بە ژیریی دەستکرد پاڵپشتی و ئاراستە دەکرێن. درۆنەکان هەروەها دەتوانن سیستمی دژە درۆنی دووژمن بشکێنن."
لەدوای ئەمریکا، ئەڵمانیا دووەم گەورەترین هاوکاری ئۆکراینایە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 15 ملیار دۆلاری بۆ کیێڤ وەکو هاوکاریی سەربازی و مرۆیی ناردووە.
ئەو وەزیرەی ئەڵمانیا گوتیشی: "درۆنەکان بە زوویی دەگەنە کیێڤ. تایبەتمەندییان ئەوەیە لە دووریی 30 بۆ 40 کیلۆمەتر لە پشتەوەی بەرەکانی جەنگ ئاراستەی رووسیا دەکرێن و دەتوانن پێگە سەربازی و لۆجیستییەکان بکەنە ئامانج."
بەرلین لە حوزەیرانی ئەم ساڵ بڕیاری دا درۆن بداتە ئۆکراینا، بەڵام وردەکاریی زۆری رانەگەیاند.
ناتالی جێنینگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "درۆنەکان تاکتیکین و مەودای گەیشتنیان سنووردارە." ئەمەش بەو واتایەی کە دوورمەودا نین.
چەند رۆژنامەیەکی ئەڵمانیا وایان بڵاوکردەوە کە ئەو درۆنانە، وەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (مینی تۆرەس)ـن و مەودایان دوورە؛ بەڵام ئەو گوتەبێژە روونیکردەوە: "هیچ پەیوەندییەک لە نێوان سیستمی تۆرەس و ئەو درۆنانە نییە، کە میدیای ئەڵمانی باسیان لێوەکردووە."
حکومەتەکەی ئێستای ئەڵمانیا کە لەلایەن ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی پارتی سۆشیاڵ دیموکراتەوە بەڕێوەدەچێت، بڕیاریداوە سیستمی مووشەکیی دوورمەودای (تۆرەس) نەداتە ئۆکراینا، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەگەر هەیە وڵاتانی رۆژئاوا و رووسیا بچنە نێو ئاستێکی نوێی گرژی و جەنگ.
کیێڤ ماوەیەکی زۆرە داوا لە ئەورووپا و ئەمریکا دەکات مووشەکی 500 کیلۆمەتری پێبدەن بۆ ئەوەی بتوانێت دەستی بگاتە نێو قووڵایی خاکی رووسیا و لەوێ پێگە سەربازییەکان پەکبخات، بەڵام وەڵامێکی هیوابەخش لە ئەورووپاوە نەبووە.
دوێنێ شەو 17-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا واژۆی لەسەر بڕیارێک کرد کە رێگە بە ئۆکراینا دەدات لە بەرامبەر "هێنانی دەیان هەزار سەربازی کۆریای باکوور بۆ وڵاتەکەی"، چەک و مووشەکی بەهێزی دوورمەودا بۆ بەئامانجگرتنی هێرشەکانی نێو رووسیا بەکاربهێنێت.
هەرچەندە ئەمریکا بڕیارە قورس و پڕ مەترسییەکەی دا، بەڵام هێشتا ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی نەگۆڕیوە و ئامادە نییە تۆرەس بداتە ئۆکراینا. بەشێک لە ئەندامانی کابینەکەی شۆڵتز بەو بڕیارەی ئەڵمانیا دڵگرانن و دەیانەوێت مووشەکی دوورمەودا بدرێتە ئۆکراینا.
بڕیارە لە شوباتی 2025 هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ئەڵمانیا بکرێت. رۆبەرت هابێک، جێگری راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری ئابووریی وڵاتەکە، کە لە هەڵبژاردندا سەرکردایەتیی پارتی سەوز دەکات رایگەیاند، ئەگەر ئەو راوێژکار بووایە، ئەو سیستمەی بۆ ئۆکراینا دەنارد.
لەلایەکی دیکە، یەکێتیی دیموکراتی کریستیان (CDU) کە پارتێکی ئۆپۆزسیۆنە و چاوەڕوان دەکرێت دەنگی زۆر بهێنێت، رایگەیاندووە ئەگەر دەسەڵات بگرنەدەست ئەو سیستمە مووشەکییە دەدەنە ئۆکراینا.
رۆژی هەینی 15-11-2024 ئۆلاف شۆڵتز و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد. سەرچاوەیەک لە حکومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاند.
لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس شۆڵتز نووسیویەتی: "لەگەڵ سەرۆک پووتین بە تەلەفۆن قسەمان کرد؛ داوام لێکرد شەڕەنگێزیی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کۆتایی پێبهێنێت و هێزەکانی بکشێنێتەوە. مەرجە رووسیا خواستی گفتوگۆ لەگەڵ ئۆکراینا پیشان بدات، بەو ئامانجەی ئاشتییەکی درێژخایەن و دادپەروەر بەدی بێت."
لە کانوونی یەکەمی 2022ەوە یەکەمجاربوو دوو سەرکردەکە قسە بکەن. لەوکاتەوەی جەنگی ئۆکراینا لە شوباتی 2022 دەستیپێکردووە، پووتین قسەی لەگەڵ زۆر لە سەرکردەکانی ناتۆ و وڵاتانی رۆژئاوا نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ