سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا: پەیوەندییەکی بەهێزمان لەگەڵ چین دەوێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە لووتکەی G20 لە بەرازیل، لەگەڵ سەرۆکی چین کۆبووەوە و رایگەیاند، چاویان لە پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ وڵاتە ئاسیاییەکە. دوو سەرۆکەکە سەرنجیان خستەسەر هاوئاهەنگیی هەمەجۆری نێوانیان.
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە لووتکەی گرووپی 20 لە بەرازیل کۆبوونەوە. لە ساڵی 2018ـەوە یەکەمجاربوو سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە نزیکەوە چاوی بە سەرۆکی چین بکەوێت، ئەمەش دوای ئەوەی چەند کێشەیەک لە پەیوەندیی دوو وڵاتەکەدا روویدا.
لە کۆبوونەوەکە ستامەر جەختی لە "پەیوەندییەکی بەهێز بۆ هەردوو وڵاتەکە" کردەوە و خواستی خۆی بۆ هاوئاهەنگیی زیاتر لەگەڵ چین پیشان دا؛ لەوانەش لە بوارەکانی سەقامگیریی نێودەوڵەتی، گۆڕانی کەشوهەوا و گەشەی ئابووری.
ستامەر و شی لە شاری ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل قسەیانکرد. ستامەر لە سەرەتای گفتوگۆکە گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان جێگیر، بەردەوام و رێزلێگیراو بن، هەروەک لەسەری رێککەوتووین. هەروەها دەمانەوێت تاوەکو بتوانین رێگە لە روودانی شتی چاوەڕواننەکراو بگرین."
شی جینپینگ بە سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای گوت: "چین و بەریتانیا دەرفەتی زۆریان بۆ هاوئاهەنگی لە چەندین بواردا هەیە، لەوانەش بازرگانی، وەبەرهێنان، وزەی پاک، خزمەتگوزاریی دارایی، چاودێریی تەندروستی و بەرەوپێشبردنی خۆشگوزەرانیی خەڵکی خۆمان."
بە گوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا سەرنجی زۆری لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا بوو، بە سەرۆکی چینی گوت: "هەردوو وڵاتەکە رۆڵێکی گرنگیان هەیە لە پشتگیریکردنی راگواستن لە وزەی بەردینەوە بۆ وزەی نوێبووەوە."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە سەرۆکی پارتی کاریشە گوتی: "رێبازی حکومەتی بەریتانیا هەمیشە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بەریتانیا دەبێت، بەڵام دەتوانین ببینە هاوبەشێکی کرداریی چین."
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا داواشی کردووە لەسەر ئەو خاڵانەی کە جیاوازییان هەیە و رێککەوتنیان نییە، "کراوە و راستگۆ بن"؛ لەوانەش پرسی هۆنگ کۆنگ، مافی مرۆڤ و پشتگیریکردنی رووسیا.
ئەو چاوپێکەوتنە دوای ئەوە هات کە لە مانگی ئابی ئەم ساڵ، پارتی کار توانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی بەریتانیا بباتەوە و کۆتایی بە فەرمانڕەوایەتیی 14 ساڵەی پارتی پارێزگاراندا بێنێت، ئەوکاتە سەرۆکی چین بۆ پیرۆزباییکردن تەلەفۆنی بۆ ستامەر کرد.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بە فەرمی داوای لە شی کردبوو، لە لەندەن و بەیجینگ کۆبوونەوەی فەرمی بکەن.
دوو سەرکردەکە هەروەها رێککەوتن لەسەر ئەوەی ساڵی داهاتوو رەیجڵ ریڤز، وەزیری گەنجینەی بەریتانیا سەردانی چین بکات و لەگەڵ هێ لیفانگ، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئەوێ لەسەر هاوئاهەنگیی ئابووری و دارایی کۆبوونەوە بکەن.
دوایین جار سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چاوی بە سەرۆکی چین کەوت، تێرێزا مەی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بوو.