گێزەر لە بازاڕەکانی ئەمریکا دەکشێندرێتەوە

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی جۆرێکی بەکتریای زیانبەخش لەسەر گێزەر دەدۆزرێتەوە، ناوەندێکی تەندروستیی ئەمریکا گێزەرەکانی کۆمپانیایەک لە 18 ویلایەت دەکشێنێتەوە. بەکتریاکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی کەسێک و نەخۆشخستنی 54 کەسی دیکە.
 
رۆژی دووشەممە، 18-11-2024، ناوەندی کۆنتڕۆڵ و رێگریی لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) بڵاویکردەوە، بەهۆی بوونی جۆرە بەکتریایەکی زیانبەخش لەسەر گێزەری چەند کۆمپانیا و کێڵگەیەک، گێزەرەکانی بازاڕ دەکشێنینەوە.
 
بە گوێرەی ئەو ناوەندە حکومییە، لە 18 ویلایەتی ئەمریکا دوای خواردنی ئەو جۆرە گێزەرە کە بەکتریای ئیکۆلی (E. Coli) لەسەر بووە، کەسێک گیانی لەدەستداوە، 15 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و 39 کەیسیش تۆمارکراون.
 
گێزەرەکان لەلایەن کۆمپانیای گریموەی فارمز، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنان و دابەشکردنی گێزەرە لە جیهان، بەسەر چەندین سوپەرمارکێتی گەورەی ئەمریکا دابەشکراوە و خەڵک کڕیونی. دوای ئەوەی چەند کەسێک بەهەمان حاڵەت و نیشانە لە نەخۆشخانەکان تۆمار دەکرێن، ناوەندی CDC بڕیاریدا بیانکشێنێتەوە. 
 
بەرپرسانی تەندروستیی ئەمریکا دڵنیاییان دا کە هیچ گێزەرێکی ژەهراوی لە بازاڕدا نەماوە، بەڵام داوای لەوانە کرد کە کڕیویانە و هێشتا لە ماڵەوە هەیانە، گێزەرەکان فڕێبدەن یان بیانگەڕێننەوە فرۆشگەکان بۆ ئەوەی قەرەبووی پارەکەیان بۆ بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، زۆربەی ئەوانەی تووشی بەکتریاکە بوون، خەڵکی ویلایەتەکانی نیویۆرک، مینیسۆتا، واشنتن، کالیفۆرنیا و ئۆریگنن.
 
بەکتریای ئیکۆلی چەند جۆرێکی هەیە کە سوودبەخش و زیانبەخشن، بۆ نموونە جۆری O157 بە شێوەیەکی سرووشتی لە ریخۆڵەی مرۆڤ و ئاژەڵەکاندا هەیە و یارمەتیی بەرهەمهێنانی ڤیتامین و هەرسکردن دەدەن. 
 
ئەوەی لەسەر گێزەرەکان دۆزراوەتەوە جۆری O121ـە و بەکتریایەکی زیانبەخشە. بەکتریاکە دەچێتە نێو ریخۆڵە و دەست بە تێکشکاندنی شانەکانی دەکات، ئەمەش لە رێگەی دروستکردنی مادەیەکی ژەهراوی بەناوی شیگا.
 
نیشانەکانی بەکتریاکە لە دوای سێ بۆ چوار رۆژ لە قووتدانی دەردەکەون. نیشانەکان بریتیین لە: ئازاری تووندی سک، سکچوویی و رشانەوە. بەشێک لەوانەی بەکتریاکە قووتدەدەن بەبێ هیچ چارەسەر وەرگرتنێک چاکدەبنەوە، بەڵام بەشێکی دیکە لەوانەیە تووشی کێشەی گەورەی ریخۆڵە، گەدە و گورچیلە ببن.
 
لە رووداوێکی هاوشێوەدا، لە مانگی رابردوو، لە زنجیرە خواردنگەکانی مەکدۆناڵد کە تایبەتە بە خواردنی خێرا، لە ئەمریکا 104 کەس دوای ئەوەی بەرگری جۆری (کوارتەر پاوەندەر)ـیان خوارد، نەخۆش کەوتن. دواتر CDC بۆی دەرکەوت کە نەخۆشکەوتنەکە بەهۆی ژەهراویبوونی پیازی نێو بەرگرەکەیە.
 
فەرمانگەی خواردن و دەرمان لە ئەمریکا FDA کە سەر بە حکومەتی وڵاتەکەیە رایگەیاند، کەسێک بەهۆی پیازەکەوە گیانی لەدەستدا، 34 کەسیش بەهۆی نەخۆشکەوتنی تووندەوە لە نەخۆشخانە خەوێنران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی درۆنێک کە لە شەڕی ئۆکراینا و رووسیا بەکارهاتووە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا: 59 درۆنی ئۆکراینامان خستنەخوارەوە

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو، 59 درۆنی ئۆکراینایان‌‌‌‌‌ خستووەتەوە خوارەوە کە زۆربەیان بەرەو ناوچە سنوورییەکان فڕێنرابوون.