ئەڵمانیا ڤیزەی کارکردن بە 200 هەزار کەس دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەڵمانیا پلانی هەیە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ ڤیزەی کارکردن بە 200 هەزار کەس بدات. ژمارەکە بەراورد بە ساڵی رابردوو 10% زیادیکردووە.
 
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی حکومەتی ئەڵمانیا بڵاویکردوونەتەوە، ئێستا نزیکەی 1.34 ملیۆن دەستی کار لە ئەڵمانیا پێویستن.
 
ساڵی رابردوو حکومەت رایگەیاند، بۆئەوەی دەستی کار لە وڵاتەکەی پڕبکاتەوە، هاوشێوەی کەنەدا سیستمی خاڵبەندی بۆ وەرگرتنی کۆچبەران جێبەجێ دەکات، ئەوەش ئاسانکاری بۆ کەسانی پیشەیی دەکات، کە بۆ کارکردن روو لەو وڵاتە بکەن.
 
ئێستا کرێکارانی کارامەی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا دەتوانن لە ئەڵمانیا کار بکەن، بێ ئەوەی پێویست بکات سەرەتا بڕوانامەکەیان هاوتای بڕوانامەی ئەو وڵاتە بکەن.
 
نانسی فێیزەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی پێدانی ڤیزەی کارکردن دەڵێت، "کەسە گەنج و بەهرەمەندەکان زۆر ئاسانتر دەتوانن لە ئەڵمانیا بخوێنن و راهێنانی پیشەیی بکەن. خەڵکی بە ئەزموون ئێستا دەتوانن بەخێرایی کارێکی گونجاو بدۆزنەوە."
 
ئەنالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیاش ستایشی پێدانی ڤیزەی زیاتری کارکردنی بە کەسانی پیشەیی کرد و گوتی، "هەموو ساڵێک ئەڵمانیا پێویستی بە 400 هەزار دەستی کار هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەکە بەهێز بکرێت."
 
ئەڵمانیا لە پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی 1.6 ملیۆن هەلی کاری رەخساندووە، 89%ی هەلی کارەکانیش بە کەسانی بیانی پڕکراونەتەوە.
 
سیستەمی خاڵبەندی چۆنە؟
 
سیستمی خاڵبەندی لەسەر ئەو کەسانەی جێبەجێ دەکرێت کە داوای ڤیزەی کارکردن و مانەوە لەو وڵاتە دەکەن و لەسەر بنەمای بڕوانامە، کارامەیی و ئەزموون بڕیار لەسەر پێدان یان پێنەدانی ڤیزەکە دەدرێت.
 
ئەگەر ئەو کەسەی کە داوای ڤیزەی کارکردن لە ئەڵمانیا دەکات، ئەو پیشەیەی کە ئەو کەسە شارەزاییە لێی هەیە، لە لیستی ئەو کارانەدا بێت کە ئەڵمانیا زۆر پێویستی پێیەتی، ئەوا خاڵی زیاتر بە داواکارەکە دەدرێت.
 
هەروەها ئەو کەسانەی کە تەمەنیان بچووکترە، بەراورد بە کەسانی بەتەمەن، چانسی وەرگرتنی ڤیزەی کارکردنیان زیاترە، جگە لەوەش زانینی زمانی ئەڵمانیا یان زمانی ئینگلیزی و هەبوونی پێشبینەی ژیانکردن لە ئەڵمانیا وادەکات ئەو کەسی داواکار چانسی وەرگرتنی ڤیزەی زیاتر بێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە