بایدن بووە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا سەردانی دارستانی ئەمازۆن بکات
رووداو دیجیتاڵ
جۆ بایدن بووە یەکەمین سەرۆکی ئەمریکا لە ماوەی دەسەڵاتیدا سەردانی دارستانی باراناویی ئەمازۆن بکات.
رۆژی یەکشەممە، فڕۆکەکەی بایدن لە شاری ماناوسی بەرازیل نیشتەوە.
سەردانەکە لە کاتێکدایە کە پێشبینی دەکرێت بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا کەمبکاتەوە.
بایدن بە هێلیکۆپتەر بەسەر بەشێکی دارستانی ئەمازۆندا گەڕا، لەگەڵ سەرکردەکانی خەڵکی رەسەنی دارستانەکەدا کۆبووەوە و دواتر سەردانی مۆزەخانەیەکی ئەمازۆنی کرد و لەوێ باسی لە کارەکانی ئیدارەکەی بۆ پاراستنی دارستانەکە کرد.
بایدن پێش ئەوەی واژۆ لەسەر ناساندنی 17ی تشرینی دووەم بە رۆژی نێودەوڵەتیی ژینگەپارێزی بکات، گوتی،"شانازی دەکەم بەوەی بوومە یەکەمین سەرۆک لە ماوەی دەسەڵاتی خۆمدا سەردانی ئەمازۆنم کردبێت."
ساڵی رابردوو، ئیدارەی بایدن پلانێکی بۆ تەرخانکردنی 500 ملیار دۆلار بۆ سندووقی پاراستنی ئەمازۆن رایگەیاند.
تاوەکو ئێستا، حکومەتی ئەمریکا 50 ملیار دۆلاری لەو بڕە پارەیەی ناردووە. کۆشکی سپی رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، 50 ملیاری دیکەش دەنێرێت.
دوای وەستانی لە ماناوس، بایدن رۆیشتە ریۆ دی جانێرۆ بۆ ئەوەی بەشداری لە لووتکەی G20ـدا بکات.