توێژینەوەیەک: ئەوانەی زۆر سێڵفی دەگرن بە خۆیان سەرسام دەبن

18-11-2018
عەلی زەڵمی
گەشتیارێک: ژنان زیاتر بە خۆیان سەرسامن
گەشتیارێک: ژنان زیاتر بە خۆیان سەرسامن
نیشانەکردن سێڵفی
A+ A-

رووداو- هەولێر

دەروونناسان لە زانکۆی "سوانسی'' و زانکۆی "میلان" توێژینەوەیان لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی کەسایەتی لە 74 کەسدا بۆ ماوەی چوار مانگ کردووە و دەرکەوتووە ئەوانی زۆر وێنەی سێڵفی دەگرن بە خۆیان سەرسام دەبن.


فوارەی "ترێڤی"ـە لە شاری "رۆما"ی پایتەختی ئیتاڵیا، یەکێکە لەو شوێنانەی ژمارەیەکی زۆر کەس سەردانی دەکەن. خەڵکێکی زۆر چەندین خولەک لە کاتی خۆیان لە نزیک فوارەیەکەوە بە وێنەگرتنی سێڵفیەوە تەرخان دەکەن، بەتایبەتی ژنان. 

جاکۆپۆ دی رۆسا، گەشتیاری ئیتاڵی دەڵێت: "زۆربەیان ژنن کە سێڵفی دەگرن، چونکە ژنان زیاتر بە خۆیان سەرسامن. ئەوان زۆربەی کات نزیکەی 90%ـی شوێنەکە دەگرن و وێنەی دیمەنێک یان شوێنێک ناگرن، بەڵکو زیاتر وێنەی خۆیان دەگرن و دواتریش ئەو وێنانە لە ئینستاگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە دادەنێن". 

بەڵام دەروونناسان پێیانوایە، زۆر سێڵفیگرتن کارێکی باش نییە. 

دەروونناسان لە زانکۆی "سوانسی" و زانکۆی "میلان" توێژینەوەیان لەسەر بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گۆڕانی کەسایەتی لە 74 کەسدا بۆ ماوەی چوار مانگ کردووە. ئەنجامی توێژینەوەکە دەریدەخات، ئەوانەی وێنەی سێڵفی زۆر دەگرن و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستیان دەکەن، تووشی سەرسامبوون بە خۆیان دەبن. 

رۆبەرتۆ تروزۆلی، دەروونناس لە زانکۆی میلان دەڵێت: "ئەو ئەنجامەی بەدەستمانگەیشت ئەوەیە کە پۆستکردنی وێنە و خۆدەرخستن لەو کەسانەدا، کە بە خۆیان سەرسامن، زیاتر دەبێت. ئەم کارە وادەکات خەسڵەتی خۆدەرخستن لەو کەسانەدا بەهێزتر بێت و تەنانەت شێوەیەکی شکۆمەندیش وەربگیرێت، ئەمە لە کاتێکدایە ئەم خەسڵەتە لەو کەسانەدا کەمە کە شتی نووسراو لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستدەکەن". 

گەشتیاران تێڕوانینی جیاوازیان دەربارەی سێڵفیگرتن و پۆستکردنی وێنەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەیە. 

هەندێکیان پێیانوایە، تەنیا ئەو وێنانە وەک یادگاری گەشتەکان دەمێننەوە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەڵێن، دەکرێت پۆستکردنی وێنە کێشە بۆ خەڵکی دیکە دروستبکات. 

لۆرا بێرناڵ، گەشتیاری ئیسپانی دەڵێت: "پێموایە زۆر سێڵفیگرتن مەترسیدارە، چونکە جۆرە رکابەرایەتییەک لەگەڵ ئەو کەسانەدا دروستدەکات، کە لە دەوروبەرتدان و دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی خەڵکی بەخیلیت پێ ببەن، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تۆ چوویتە شوێنێک خەڵکەکەی دیکە نەچوون. دواتر، جاری وا هەیە سێڵفی لەگەڵ کەسانێکی تایبەت دەگریت، کە کێشە لەگەڵ کەسانی دیکە دروستدەکات". 

شارەزایان دەڵێن، ژمارەیەکی زۆر لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆژانە نزیکەی سێ کاژێر ئەو تۆڕانە بەکاردەهێنن، بەڵام کەم نین ئەو کەسانەش کە رۆژانە نزیکەی هەشت کاژێر کاتی خۆیان بە بەکارهێنانی فەیسبووک و توویتەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەوە بەسەردەبەن. 

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە