ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا داوای کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا و سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا جەخت لە "پێویستیی" کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە دەکەنەوە.
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا؛ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا؛ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن، هاوڕان لەسەر "پێویستیی دەستبەجێی گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ نێو خێزانەکانیان، کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە و دڵنیابوونەوە لە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی بە خەڵکی سڤیل."
 
لە کۆبوونەوەکەدا لە بەرلین، چوار سەرکردەکە دەڵێن، "باسمان لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد، بەتایبەتی لێکەوتەکانی مردنی یەحیا سنوار کە بەرپرس بوو لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 7ی ئۆکتۆبەر."
 
بایدن، ماکرۆن، شۆڵتز و ستامەر هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن، باسیان لە شەڕی لوبنان کردووە و "دووپاتیان کردەوە کە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرکۆنە دەکەن."
 
لە 1ی تشرینی یەکەم ئێران نزیکەی 200 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد بۆئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەراڵێکی ئێرانی و دوو هاوپەیمانی هەرە نزیکی خۆی بکاتەوە، کە ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان بوون.
 
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 42 هەزار و 500 کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ئەمە وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە باسی دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکانیش پشتڕاستیدەکاتەوە. 
 
جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەر بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد، کە لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 206 کەس کوژران. 
 
هەر لەو رۆژەدا، چەکدارانی فەلەستینی 251 کەسیان بە بارمتە گرتن. هێشتا 97یان لەوێ ماون، لە نێویاندا 34 کەس کە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن مردوون.