هەواڵگریی کۆریای باشوور: کۆریای باکوور 1500 سەربازی بۆ رووسیا ناردووە
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کۆریای باکوور 1500 سەربازی بۆ رووسیا ناردووە و دەبرێنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ دژی ئۆکراینا. دەشڵێت، پیۆنگیانگ نیازی ناردنی سەربازی دیکەشی هەیە.
رۆژی هەینی 18ی تشرینی یەکەمی 2024 دەزگای هەواڵگریی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "رۆژانی 8 بۆ 13ی تشرینی یەکەم تێبینیی گواستنەوەی هێزێکی تایبەتمان لە رێگەی کەشتییەکی سەربازیی رووسییەوە کردووە." دەشڵێت، ئەم کەشتییە 1500 سەربازی کۆریای باکووری هەڵگرتبوو، ئەمەش "یەکەم بەشداریی سەربازیی کۆریای باکوور" لە جەنگەکەدا پشتڕاست دەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵگریی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوەش کردووە، کۆریای باکوور نیازی ناردنی سەربازی دیکەشی هەیە، ئەو سەربازانەی دەنێردرێن، دەبرێنە بەرەکانی پێشەوەی جەنگی رووسیا دژی ئۆکراینا.
رۆژی یەکشەممە 13ی تشرینی یەکەمی 2024 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "هاوئاهەنگیی زیاتر لەنێوان رووسیا و رژێمەکانی وەکو کۆریای باکوور دەبینین." دەشڵێت، "چیدیکە هاوکارییەکە تەنیا ناردنی چەک نییە، بەڵکو کۆریای باکوور سەربازی بۆ یارمەتیدانی سوپای داگیرکەر (سوپای رووسیا) ناردووە."
سەرۆکی ئۆکراینا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەو بارودۆخانەدا، پێویستە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوبەشەکانمان باشتر بکەین. پێویستی زیاتریشمان بە هاوکاری مرۆییە." ئەو گوتانەی سەرۆکی ئۆکراینا لە کاتێکدان، هەفتەی رابردوو بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی سەربازی سەردانی ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپیی کرد، لەوانەش بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا.
رۆژی 16ی ئەیلوولی ئەم ساڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بڕیارێکی بۆ زیادکردنی 180 هەزار سەرباز بۆ سوپای وڵاتەکەی واژۆ کرد، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ زیادکردنی ژمارەی سەربازانی ئەو وڵاتە بۆ ملیۆنێک و 500 هەزار کەس. رۆژێک دواتر، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کریملین) گوتی، ئەمە "بەهۆی ژمارەیەک مەترسییەوەیە لەسەر سنوورەکانمان."
پیسکۆڤ گوتی، هۆکارێکی دیکەی زیادکردنی سەربازەکان "ئەو دۆخە دووژمنکارانەیە لە سنوورەکانی رۆژئاوامان و ئەو ناسەقامگیرییەیە لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتمان هەیە."
ئەمە سێیەم جار بوو رووسیا لە دەستپێکی جەنگی ئۆکرایناوە بڕیاریدا ژمارەی سەربازانی سوپای وڵاتەکەی زیاد بکات. بە گوتەی سەرۆکی رووسیا، نزیکەی 700 هەزاری وڵاتەکەی لە جەنگدان دژی ئۆکراینا.
یەکێک لە مەترسییەکانی رووسیا فراوانبوونی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ناتۆیە. بەرپرسانی هاوپەیمانییە سەربازییەکەش دەڵێن، مامەڵە "دوژمنکارییەکانی" رووسیا بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی بە مەترسی دادەنێن. ئەوەی دیکەش، جەنگی وڵاتەکەیە لەگەڵ ئۆکراینا کە 967 رۆژە بەردەوامە.