پووتین لە کۆڕبەندی 'پشتێن و رێگە' لە پەکین: لەگەڵ چین خواستی هاوکاریی یەکسان و قازانجی هاوبەشمان هەیە
رووداو - پەکین
سێیەمین "کۆڕبەندی پشتێن و رێگە" بە سەرۆکایەتیی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بەڕێوەچوو، ئەو پڕۆژەیەی بە رێگەی ئاوریشم ناوبانگی دەرکردووە، کە گەورەترین دەستپێشخەریی چینە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەو وڵاتە لەگەڵ تەواوی جیهان.
ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی راگەیاندنی ئەو پڕۆژە زەبەلاحەی چینە، لەو ماوەیەشدا نزیکەی 19 تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لەگەڵ 150 وڵاتی ئەندام و 30 رێکخراوی جیهانی کراوە.
شی جینپینگ، سەرۆکی چین رایگەیاند، "[ئێمە] بەشداری لە رووبەڕووبوونەوەی ئایدیۆلۆژی، یارییە جیۆپۆلەتیکییەکان، یان رووبەڕووبوونەوەی بلۆکدا ناکەین. [ئێمە] دژی سزای تاکلایەنە، زۆرەملێی ئابووری، جیابوونەوە و جیاکردنەوەی پەیوەندی دەبین."
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا پایە بڵندترین میوانی کۆڕبەندەکە بوو. پەیوەندیی رووسیا و چین بە تەنیا پەیوەندیی نێوان دوو دراوسێ نییە، تەنانەت شەڕی ئۆکرایناش نەیتوانیوە درزێک بخاتە نێوان ئەو دوو وڵاتە، پار ساڵ ئەو دوو وڵاتە بە بڕی 190 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانییان ئەنجامداوە.
سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، "رووسیا و چین، وەکو زۆربەی وڵاتانی جیهان، خواستی هاوکاریی یەکسان و قازانجی هاوبەشیان هەیە لەپێناو بەدەستهێنانی پێشکەوتنی ئابووری و خۆشگوزەرانیی کۆمەڵایەتی، بە شێوەیەک کە گشتگیر و درێژخایەن بێت."
"پشتێن" بە مانای رێگەی وشکانیی چینە لەگەڵ وڵاتانی جیهان، "رێگە" واتە رێگەی دەریایی. پڕۆژە ستراتیژی و زەبەلاحەکانی چین بە شێوەیەکی سەرەکی تایبەتن بە ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی، لەوانەش بەندەر و رێگەی ئاسن. ژمارەی پڕۆژەکان نزیکەی 3000ی تێپەڕاندووە.
چین هاوبەشێکی ئابووریی گرنگی عێراقە، ئاڵوگۆڕی نێوانیان بۆ ساڵی 2022 زیاتر لە 50 ملیار دۆلار بووە و عێراق لە ساڵی 2015وە بووە بە ئەندام لەو پڕۆژەیە، ئەوەی لە عێراق ناوبانگی دەرکردووە، کردنەوەی 1000 قوتابخانەیە لەلایەن وڵاتی چینەوە.
شۆڕش خالید، باڵیۆزی عێراق لە چین بە رووداوی راگەیاند، "هەزار قوتابخانەکە خەریکە تەواو دەبن، پاش ئەویش 2000 قوتابخانەی دیکە. هەموو بە گشتی دەبنە 8000 قوتابخانە و چەند پڕۆژەیەکی کارەبا هەن؛ ئەوانەی کە بە گاز و خۆر کار دەکەن."
پەکین لەمیانی ئەم دوو رۆژەدا، لە سێیەم کۆڕبەندی رێگە و پشتێن میوانداریی 60 سەرۆک، سەرۆکوەزیران و وەزیرانی پیشەسازی و 4000 شاندی کردووە.
لەگەڵ کرانەوەی چین بەڕووی جیهاندا، رۆژ بە رۆژ لە 30 ساڵی رابردوودا ئابوورییەکەی پەرەی سەندووە، ئەگەر بێتو بە هەمان ستراتیژی کار لە "پڕۆژەی رێگە و پشتێن" بکەن، دەشێ ئەم پڕۆژەی شی ببێتە فریادڕەسی جیهان و دۆخی ئابووریی جیهان باشتر و سەقامگیرتر بکات.