لە بەلجیکا سزای باندێکی کورد دەدرێت کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن؛ 'هەڕەشە لە رووداو دەکەن'

 
رووداو دیجیتاڵ

باندێکی 21 کەسی کە سەرجەم ئەندامەکانی کوردی باشووری کوردستانن و لە ئەورووپا دەستگیر کراون، لە بەلجیکا دادگایی کران و ئەمڕۆ لە دوایین دانیشتنی دادگاییەکەدا 20یان سزادران و یەکێکیان ئازاد کرا.
 
کۆچبەرانیان بە رێگەی نایاسایی گەیاندووەتە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 18-10-2023 دوایین دانیشتنی دادگاییکردنی ئەو باندە لە شاری بروگای بەلجیکا بە شێوەیەکی کراوە بەڕێوەچوو. زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە بەلجیکا ئامادەی بوو، لەبارەی باندەکەوە گوتی، "قاچاخچێتییان بە مرۆڤەوە کردووە و کۆچبەرانیان بە رێگەی نایاسایی گەیاندووەتە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە."
 
بەپێی زانیارییەکانی زنار شینۆ، ئەندامانی گرووپەکە 21 کەس بوون، 20یان سزای جیاوازیان بەسەردا سەپێندراوە و یەکێکیان بێتاوانیی خۆی سەلماندووە و ئازاد کراوە.
 
ئەندامانی باندەکە لە چەند وڵاتێکی جیا (ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا) ژیاون و کاریان کردووە.
 
سەرۆکی باندەکە لەبەردەم دادوەر هەڕەشەی لە رووداو کرد
 
ئەندامانی باندەکە زیاتر لە ساڵێکە دەستگیر کراون، سەرۆکەکەیان بە (هیوا رەحیمپوور) خۆی ناساندووە و خەڵکی باشووری کوردستانە، بەڵام ئەو ناوە خوازراوە و ویستوویەتی خەڵک وەکو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بیناسن.
 
بە گوتەی زنار شینۆ، "سەرۆکی باندەکە، لە دادگە هەڕەشەی لە میدیا و رووداو بەتایبەتی دەکرد و داوای دەرکردنی دەکرد؛ بەڵام دادوەر پێی گوت: بە بڕیاری ئێمە دادگاییەکە بە کراوەیی دەکرێت."
 
ئەندامانی باندەکە خەڵکی پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانین. سەرۆکی تیمەکە بە 11 ساڵ زیندانیکردن و سزای دارایی 80هەزار یۆرۆ سزا دراوە و ئەوانی دیکەش سزای جیاواز دراون.
 
هەندێکیان بە کەفالەت ئازاد دەکرێن، هەندێکیشیان لە ماڵێکی دیاریکراو لەژێر چاودێریدا دەمێننەوە و هاتووچۆیان سنووردار دەکرێت.
 
زنار شینۆ دەڵێت، "لە دادگەکەدا باسی کوردستان نەکراوە، چونکە چوونی کۆچبەری نایاسایی بۆ ئەورووپا لە تورکیاوە هەژمار کراوە."
 
ئەندامانی باندەکە چۆن دەستگیر کران؟
 
ئەوانەی کە دەڵاڵی بۆ قاچاخچییەکان دەکەن، لە کامپی کالێی فەرەنسا ئاشكرا بوون، دواتر لە بەلجیکا و ئەڵمانیا بە ئۆتۆمبێل و بەلەم کاریان کردووە تاوەکو لەندەن. لە لەندەن مامەڵەیان کردووە و لە رێگەی مۆبایل و سۆشیالمیدیاوە خراونەتە ژێر چاودێرییەوە و دەنگەکانیان تۆمار کراوە.
 
زانیاری و بەڵگەکانی سەریان، لە چەند وڵاتێک کۆکراونەتەوە، بەڵام بە یاسای یەک وڵات سزا دراون. زنار شینۆ گوتی، "قسەکانی دادوەر وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی کوردی بۆئەوەی هەموو تۆمەتبارەکە لێی تێبگەن."