شەش فڕۆکەخانەی فەرەنسا بەهۆی "هەڕەشەی تیرۆر"ەوە چۆڵکران
رووداو دیجیتاڵ
شەش فڕۆکەخانەی فەرەنسا چۆڵکران، ئەوەش بەهۆی "هەڕەشەی تیرۆر"ەوە.
پۆلیسی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە 18-10-2023 بڵاویکردەوە، فڕۆکەخانە لە شارەکانی لیل، لیۆن، نانتێ، نیس، تۆڵۆز و بەوڤەی چۆڵکراون، ئەوەش بەهۆی "هەڕەشەی تیرۆریستی"یەوە.
پۆلیسی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی پەیوەندیدار گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکان و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بزانرێت هەڕەشەکان تا چەندە راستەقینەن.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی سڤیلی فەرەنسا فەرمانی کردووە هیچ فڕۆکەیەک لەو فڕۆکەخانانە نەفڕێت تاوەکو هەموو شت روون دەبێتەوە.
رۆژی 13-10-2023 پیاوێکی بە رەچەڵەک چیچانی لە باکووری فەرەنسا مامۆستایەکی پێشووی ئامادەیی خۆی بە چەقۆ کوشت و سێ کەسی دیکەی بریندارکرد.
دوای هێرشەکە حکومەتی فەرەنسا هەڕەشەی تایبەت بە تیرۆری لە وڵاتەکەیدا بۆ بەرزترین ئاست بەرزکردەوە و هەر زووش لێکۆڵەرانی دژەتیرۆری ئەو وڵاتە دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کرد، ئەوەش لە کاتێکدایە کە شەڕی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە. ئەو شەڕە کاردانەوەی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهانی لێکەوتووەتەوە.