یوتیوب خزمەتگوزاریی رێکلام بۆ پۆدکاست زیاد دەکات
رووداو - هەولێر
کۆمپانیای یوتیوب خزمەتگوزاریی رێکلامکردن بۆ پۆدکاستەکان لەسەر تەلەڤیزیۆنە زیرەکەکان زیاد دەکات، تاوەکو پۆدکاستەکان زیاتر بەر چاوی بینەر یاخود بیسەر بگەن.
بڕیارەکەی کۆمپانیای یوتیوب لە کاتێکدایە کە کۆمپانیاکە دووچاری هەڵاوسان بووە و بووەتە هۆکاری کشانەوەی چەندین کۆمپانیا لە رێکلامکردن لە یوتیوب.
دێبی واینشتاین، جێگری سەرۆکی رێکلامی جیهانی بۆ کۆمپانیای گووگڵ و یوتیوب گوتی، ئەم رێگە نوێیە بووەتە هۆی ئەوەی چەندین رێکلامکەر بە وردی شێوازی رێکلامەکەیان هەڵبژێرن. گوتیشی: "ئەوان دەیانەوێت بزانن کە چ رێگەیەک باشترینە و چۆن بتوانن بگەنە بینەری زیاتر."
هەرچەندە یوتیوب زیاتر بۆ سەیرکردنی ڤیدیۆ ناسراوە، پلاتفۆڕمەکە دووەم جێگەی گوێگرتن لە پۆدکاستە. کۆمپانیاکە خزمەتگوزارییەکەی دیکەش دەخاتە بەردەستی بەکارهێنەران بە ناوی "مۆمێنت بلاست" کە وادەکات رێکلامی کۆمپانیا گەورەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بچێتە سەر ڤیدیۆ پڕبینەرەکان.
واینشتاین گوتی، کۆمپانیاکان دەتوانن پاکێجەکە بکڕن بۆ ئەوەی "خاوەندارێتی" بکەن لە ساتەوەختە سەرەکییەکان، وەک رووداوە وەرزشییەکان یان نمایشکردنی بەرهەمەکان.