دژی ئەشکەنجەدانی کۆچبەران لە پۆڵەندا خۆپیشاندان بەڕێوەچوو

18-10-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە پۆڵەندییەکان چیدیکە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی تووندی دیکەیان لەگەڵ کۆچبەران پێ قبووڵنەکرا؛ سەتان پۆڵەندی لە هەردوو شاری وارشۆ و کراکۆو چوونە سەر شەقامەکان، درووشمیان بەرزکردەوە و هاواریان کرد: "ئەو ئەشکەنجەدانە رابگرن."
 
خۆپیشاندانی پۆڵەندییەکان لەکاتێکدایە، راپۆرتێکی بنکۆڵکاری ئەورووپی دەریدەخات، بە بەڵگەی ڤیدیۆیی دەیسەلمێنن کە کۆچبەران لەکاتی پەڕینەوەیان بۆ پۆڵەندا لەسەر سنوور دووچاری ئازار و ئەشکەنجە دەبن. 
 
ئەنگیزسکا هۆلاند، سینەماکار دەڵێت "دەمەوێ ئەوە بڵێم کە خەڵک لێرە دەیخەنەڕوو؛ من لەگەڵ ئەو مامەڵەیەی بەرپرسان نیم؛ دەرکردنی نایاسایی و تەنانەت هەبوونی رۆڵ لە مردنی خەڵک لەسەر سنوور، ئینجا چ پیاو بێت چ ژن و چ منداڵ، جێگەی شەرمەزارییە."
 
وەک گوزارشتێک کە کۆچبەران لەسەر سنوور لە کەشوهەوایەکی سارد و دژواردا بێ بەتانی دەمێننەوە، خۆپیشاندەران دەیان ئاڵایان لە لایلۆن بەرزکردەوە.
 
ئەم خۆپیشاندانە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو پەرلەمانی پۆڵەندا پڕۆژەیاسایەکی تێپەڕاند کە رێگە بە پاسەوانی سنووور دەدات رووبەڕووی کۆچبەران ببنەوە؛ نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنەی تووندی لەو هەنگاوە گرت و بە پێشێلکردنی مافی بنچینەیی کۆچبەرانی لە قەڵەم دا.
 
هەروەها پەرلەمانی پۆڵەندا پلانێکی حکومەتی پەسندکرد کە تەرخانکردنی 410 ملیۆن دۆلار بۆ دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری وڵاتەکە لەخۆدەگرێت.
 
عیلمی عەبدی، سەرۆکی کۆمەڵەی سۆماڵی لە وڵاتی پۆڵەندا دەڵێت "من خۆشم کۆچبەر بووم و لە ساڵی 1996 هاتمە ئێرە. رێک لەو خاڵە سنوورییە پەڕیمەوە کە ئێستا خەڵک لێی دەمرن. 20 رۆژ لەوێ مامەوە، بۆیە دەزانم چی دەڵێم، بەڕاستی نیگەرانم بۆ هەموو ئەو کەسانەی سەری خۆیان هەڵگرتووە و بێ یارمەتی ماونەتەوە. منداڵ، ژن، خەڵك هەمووی، کوا بەزەیی خەڵک؟ کوا میواندۆستی پۆڵەندا؟"
 
لەوەتەی شەپۆلی کۆچبەری لە مانگی تەمموزەوە لەڕێگەی بێلاڕووسەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپی دەستیپێکردووە، لانیکەم 7 کۆچبەر لەسەر سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.
 
لەو کاتەوەی کۆچی کۆچبەرانیش لەڕێگەی بێلاڕووسەوە دەستیپێکردووە، 16 هەزار هەوڵی بەزاندنی سنووری پۆلەندا تۆمارکراون، لەکاتێکدا تەواوی 2020 تەنیا 120 هەوڵ تۆمارکرابوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە