بێلاڕووس باڵیۆزی فەرەنسا لە وڵاتەکەی دەردەکات

رووداو - هەولێر 

حکومەتی بێلاڕووس داوای لە باڵیۆزی فەرەنسا کرد لە وڵاتەکەی بچێتە دەرەوە و باڵیۆزی خۆیشی لە پاریس بانگکردەوە.
 
میدیای فەرەنسی دەرکردنی نیکۆلا دی لاکۆستیان، باڵیۆزی فەرەنسای لەلایەن حکومەتی بێلاڕووسەوە پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەو هۆکارەی روون کردوەتەوە کە وایکردووە لاکۆستیان دەربکرێت. 
 
میدیای بێلاڕووس دەڵێت، باڵیۆزی فەرەنسا ئامادەنەبووە فایل و بەڵگەنامەکانی رادەستی ئەلێکساندەر لۆکاشینکۆ، سەرۆکی وڵات بکات.
 
فەرەنسا هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا دان بە لوکاشینکۆ وەکو سەرۆکی بێلاڕووس نانێت، کە لە هەڵبژاردنێکی گوماناوییدا لە مانگی ئابی 2020 دا خولی شەشەمی سەرۆکایەتی بردەوە.
 
گوتەبێژێک بەناوی باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە بێلاڕووس رایگەیاند، داواکراوە باڵیۆز نیکۆلا تاوەکو 18ی ئۆکتۆبەر بێلاڕووس جێبهێڵێت. 
 
یەکێتیی ئەوروپا سزای بەسەر بێلاڕووسدا سەپاندووە، ئەوەش دوای ئەوەی فڕۆکەیەک کە لە ئەسیناوە بۆ لیتوانیا دەچوو، ناچارکرا لە مینسک بنیشێتەوە و چالاکڤانێکی ناوی دەستگیرکرا؛ ئەو رووداوە کاردانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.