رووداو دیجیتاڵ
ڤاتیکان ئاشکرایکرد، کەیسێکی تووشبوون بە کۆڤید -19 لە ماڵی قەدیسە مرتا، بارەگای نیشتەجێبوونی پاپای ڤاتیکان ئاشکرابووە، بەڵام روونکردنەوەی لەسەر دۆخی پاپای ڤاتیکان نەدا.
نووسینگەی راگەیاندنی ڤاتیکان لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، کەیسێکی تووشبوون بە کۆڤید -19 ، لەنێو یەکێک لە نیشتەجێیانی دەوڵەتی ڤاتیکان تۆمارکراوە، تووشبووەکە کە تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەی پێوە دیارنییە و پشکنینەکانی پۆزەتیڤن، کەرەنتینە کراوە، هاوشێوەی هەموو ئەوانەی بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵیدا هەبووە.
بڵاوکراوەکە زیاتر گوتویەتی، نەخۆشەکە بەشێوەی کاتی، ماڵی قەدیسە مارتای بەجێهێشتووە.
لە بەرامبەدا، بڵاوکراوەکە هیچ روونکردنەوەیەکی لەبارەی دۆخی تەندروستی، پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیکانەوە نەدرکاندووە، کە هەمیشە لە نێو ماڵی قەدیسە مارتادا نیشتەجێیە لەبری کۆشکی نێردەی پیرۆز.
بڵاوکراوەکە تەنیا دەڵێ "پاپا لە دۆخێکی تەندروستی باشدایە و هەموو دانیشتووانی شارەکە، تەندروستییان باشە و بەردەوام چاودێری دەکرێن".
پاپای ڤاتیکان، لە چاوپێکەوتنێکی ئاسایی رۆژانەدا، کە چوارشەممەی پێشوو بەڕێوەچوو، خۆی لە هەموو بەرکەوتنێکی راستەوخۆی ئیمانداران پاراست، ئەو تەنیا لە دوورەوە سڵاوی لەسەردانکەرانی کرد، لە بۆنە گشتییەکەدا و داوایلێکردن بەوریاییەوە مامەڵە بکەن، لەپێناو کۆتاییهێنان بەو پەتایە.
پاپا کە لە دیدارە گشتی و تایبەتییەکانیدا دەمامک نابەستێت، لە دیدارە گشتییەکەی چوارشەممەدا گوتی "حەزدەکەم لێتان نزیکببمەوە و سڵاوتان لێبکەم، وەک ئەوەی پێشتر هەمیشە کردوومە، بەڵام باشترە بۆشاییەک لە نێوانماندا بهێڵینەوە".
لە شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنادا لە ئیتاڵیا زیاتر لە 36 هەزار کەس گیانیانلەدەستدا بەهۆی پەتاکەوە، بەڵام دواتر بەڕێژەیەکی بەرچاو نەخۆشییەکە کۆنترۆڵکرا و ژمارەی تووشبووان یەکجار کەمبووەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، شەپۆلی دووەمی پەتاکە رووی لە وڵاتەکە کردووە و هەینی رابردوو ژمارەی پێوانەیی تووشبووان لە ماوەی 24 کاژێردا تۆمارکرا، کە گەیشتە 10 هەزار تووشبوو.
ڤاتیکان سێیەم بچووکترین دەوڵەتی دونیایە لە رووی ژمارەی دانیشتووان، دەکەوێتە ناوەندی شاری رۆمای پایتەختی ئیتاڵیاوە، لە هەموو لایەکەوە بەدیواری بەرز، سنوورەکانی لەگەڵ بەشەکانی دیکەی شارەکەدا جیاکراوەتەوە، کۆی رووبەری دەوڵەتەکە 0،44 کیلۆمەترە، بەمەش بچووکترین دەوڵەتی دونیایە. ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی تەنیا 800 کەسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ