نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: تاوەکو لە عێراق دەکشێینەوە بەرگری لە خۆمان دەکەین


رووداو دیجیتاڵ 

نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە، لە بەرگریکردن لە هێزەکانیان بەردەوام دەبن. ئاماژەی بەوەشکرد، وەڵامی ئەو هێرشانە دەدەنەوە کە لە عێراق دەکرێنە سەر هێزەکانیان.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئەیلوولی 2024، لیندا تۆماس گرینفیڵد، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن راگەیاند، "ئێمە تاوەکو لە عێراق دەکشێینەوە، لە بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانمان بەردەوام دەبین."
 
لەبارەی ئەو هێرشانەی کە دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا گوتی، "ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانمان، جێگەی نیگەرانیی ئێمەن و بە دڵنیاییەوە وەڵامیان دەدەینەوە."
 
هێرشەکان بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان بە تایبەتی لە دوای 7ـی ئۆکتۆبەری پار زیادیان کرد کاتێک جەنگی غەززە دەستیپێکرد. 
 
لەو کاتەشەوە، ئەو هاوپەیمانییەی خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات، بەرپرسیاریێتیی خۆی لە دەیان هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە. 
 
ئەو گوتانەی گرینفیڵد لەکاتێکدان، لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەرقاڵی گفتوگۆن لەسەر داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەیان و گفتوگۆکانی هەردوو وڵاتیش لەسەر ئەو پرسە بەردەوامە. 
 
نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن.
 
"گرژییەکانی لوبنان بە بچووک وەرناگرین"
 
نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە لوبنان گوتی، "ئێمە هەوڵ نادەین ئەوەی لە لوبنان روویدا بە شتێکی بچووک وەریبگرین."
 
لیندا گرینفیڵد ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان کە گرژییەکان لە ناوچەکە زیاتر پەرەنەسێنن: "ئێمە دەمانەوێت هەردوولا [ئیسرائیل و حەماس] هەوڵ بدەن کە نەکەوینە نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکی دیکە و ئەو ئاڵۆزییەی ئێستا زیاتر پەرەپێنەدەن."
 
دوای نیوەڕۆی دوێنێ سەتان ئامێری پەیوەندی ناسراو بە پەیجەر کە لەلایەن ئەندام و چەکدارانی حیزبوڵڵا و بەشێکی خەڵکی لوبنان بەکاردەهێندرێن، لە لوبنان تەقینەوە و بەو هۆیەوە دوو هەزار و 800 کەس برینداربوون و 12 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
 
ئەمڕۆ چوارشەممەش، ژمارەیەک ئامێری بێتەل (وۆکی تۆکی) لە لوبنان تەقینەوە و بەوهۆیەوە زیاتر لە 450 کەس بریندار بوون و 14 کەسیش گیانیان لەدەستدا.
 
هەرچەندە حیزبوڵڵا ئیسرائیلی بە رووداوەکە تۆمەتبار کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل هیچ لێدوانێکی لەبارەی رووداوەکە نەداوە.