قەدەخەکردنی چاندنی ئەفیوون ژیانی بەشێکی ئەفغانییەکانی قورستر کردووە؛ 'چی لە نۆک و تەڕەپیاز بکەم؟'

رووداو دیجیتاڵ 

ئەسەدوڵڵای تەمەن 65 ساڵ، رۆژانێک بە یەکێک لە گیرفانپڕەکانی ناوچەی سەنگینی ویلایەتی هەلمەندی باشووری ئەفغانستان دادەنرا، بەڵام ئێستا بە حەسرەتەوە داس بە زەوییە رەقوتەقەکەی دەدات.
 
ئێستا ناچارە لە بری چاندنی حەشیش و ئەفیوون، نۆک و تەڕەپیاز بچێنێت. ئەسەدوڵڵا، هاووڵاتییەکی ئەفغانستانە و دەڵێت: "کێشەی ژیانمان هەیە، راستە چاندنی ئەفیوون دژی ئیسلام و قورئانە، بەڵام گوزەرانێکی شاهانەی بۆ دابینکردبووین. من چی لە نۆک و تەڕەپیاز بکەم؟"
 
کارکردن لە ئەفیوون، ساڵانە نزیکەی چوار هەزار دۆلاری دەخستە گیرفانی هەریەک لە ئەسەدوڵڵا و لالا خانی ئامۆزای.
 
ئەوان بەشێك بوون لە نزیکەی دوو ملیۆن ئەفغانستانی کە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تێکەڵ بەو کارە ببوون و  گوزەرانێكی باشیان هەبوو.
 
لالا خان باس لەوە دەکات: کە "بەگشتی ئەفغانی گۆشتی زۆر دەخوات، کاتێك ئەفیوونمان دەچاند، هەموو رۆژێك گۆشتمان دەخوارد، ئێستا کە ئەفیوون نەماوە، مانگی یەک جار گۆشت دەخۆین."
 
لە 2001 تاوەکو 2021 کە تالیبان لە دەسەڵاتدا نەبوو، ساڵانە لە ئەفغانستان نزیکەی 7 هەزار تۆن ئەفیوون بەرهەمدەهێندرا کە 80٪ی بەرهەمی جیهانە.
 
لەگەڵ گەڕانەوەی بزووتنەوەکە بۆ دەسەڵات لە ئابی 2021 و دەرکردنی فەرمانی قەدەخەی گشتی لە نیسانی 2022، بەرهەمەکە بەرەو کەمی رۆیشت تاوەکو لە هاوینی 2023 بۆ 330 تۆن دابەزی.
 
ئەوە لە کاتێکدایە لە 42 ملیۆن ئەفغانستانی، 35 ملیۆنیان هەژارن لە نێویاندا 23 ملیۆن کەسی برسی هەن.