کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا: ئەگەر مامۆستا دابین بکرێت، لە هەموو هەرێمەکانی ئەڵمانیا زمانی کوردی دەخوێندرێت

18-09-2023
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
محەممەد تانریڤەردی، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا
محەممەد تانریڤەردی، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵگەی کوردی داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات مامۆستای زمانی کوردی و پێداویستییەکانی خوێندن بۆ ئەڵمانیا دابین بکات، بۆئەوەی لە سەرجەم هەرێمەکانی ئەو وڵاتەدا زمانی کوردی بخوێندرێت. بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت، "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مامۆستا دابین بکات، دەتوانرێت لە هەموو هەرێمەکان زمانی کوردی بخوێندرێت."
 
بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا، نزیکەی دوو ملیۆن کورد لەو وڵاتەدا دەژین، بەڵام 80%ی منداڵانی کورد لە خوێندنی کوردی بێبەشن. محەممەد تانریڤەردی، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، لە کۆی 16 هەرێمی ئەڵمانیا، لە پێنج هەرێم زمانی کوردی بە فەرمی دەخوێندرێت و لە 11 هەرێمی دیکە زمانەکە ناخوێندرێت.
 
کۆمەڵگەی کوردی لە ئەڵمانیا داوای لە وەزارەتی پەروەردەی ئەڵمانیا کردووە، زمانی کوردی لە هەرێمەکانی دیکەشدا بخوێندرێت، بەڵام لە وەڵامدا داوای کردووە، ئەو نەتەوانەی کە خاوەن دەوڵەتن و دەیانەوێت لە ئەڵمانیا زمانەکەیان بخوێندرێت، دەوڵەتەکەیان خۆی مامۆستای زمانەکە دابمەزرێنێت و بینێرێتە ئەڵمانیا بۆ خوێندنی زمانەکە. بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە ئەڵمانیا دەڵێت، "راستە ئێمەی کورد دەوڵەتمان نییە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان فیدراڵییە و وەکو نیمچە دەوڵەتێکە و دەتوانێت هاوکار بێت و مامۆستا دابین بکات؛ دەشتوانێت لەگەڵ ئەو هەرێمانە هاوئاهەنگی بکات تاوەکو زمانی کوردی لە ئەڵمانیا بخوێندرێت."
 
محەممەد تانریڤەردی دەڵێت، "تورکیا، ئیسپانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و یۆنان، پشتیوانیی دارایی دەدەنە ژمارەیەک مامۆستا؛ زمانەکانیان لە ئەڵمانیا دەخوێندرێت و منداڵانیان فێری زمانەکەیان دەبن، ناسنامەکەیان دەپارێزن، بەڵام ئەگەر کورد هاوکار نەبێت لەو بوارەدا هاوشێوەی ئەو وڵاتانە، زمانی کوردی دەکەوێتە مەترسییەوە و منداڵان فێری زمانی کوردی نابن و ئەگەری هەیە لە دواڕۆژدا شوناسی خۆیان لەدەستبدەن."
 
بەڕێوەبەری کۆمەڵەی کوردی دەڵێت، "دەکرێت هەرێمی کوردستان مامۆستای زمانی کوردی دابین بکات و پشتیوانیی دارایی بکرێن و پێداویستییەکانی قوتابخانەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین بکرێت. بەمشێوەیە دەکرێت لە سەرجەم هەرێمەکان زمانی کوردی بخوێنرێت."
 
بەگوێرەی یاساکانی ئەڵمانیا هەرکاتێک نزیکەی 20 دایک و باوک داواکارییان ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە کرد بۆئەوەی منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن، حکومەت دەبێت بنەماکانی ئەو پەروەردەیان بۆ دابین بکات، بەڵام وەزارەتی پەروەردەی ئەڵمانیا بە کۆمەڵگەی کوردی ئەڵمانیای گوتووە، "ئێمە ناتوانین پشتیوانی دارایی بۆ خوێندنی کوردی لە سەرجەم هەرێمەکان دابین بکەین."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەدالیای ئاڵتوونیی خەڵاتی نۆبڵ

بەهۆی جەنگە بەردەوامەکانەوە داوا دەکرێت ئەم ساڵ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دابەشنەکرێت

ئۆلاڤ نۆسلتاد، بەڕێوەبەری پەیمانگەی نۆبڵی نەرویجی دەڵێت، "قورسە ئەرێنی بیت کاتێک ئەمڕۆ سەیری جیهان دەکەیت و دەبینی هێزی ئاشتی باڵادەست نییە، هەرچەندە کاتێک سەیری بەربژێرەکان دەکەیت کەسانێک یان چەند رێکخراوێک دەبینی کە کاری مەزن لەو پێناوەدا دەکەن."