ئێران و ئەمریکا دەستیان بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانیانیان کرد

رووداو دیجیتاڵ

ئەمریکا و ئێران ئەمڕۆ دەستیان بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی گۆڕینەوەی زیندانیان کرد. سەرچاوەیەک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی ئێرانی لە سویسراوە گوازراوەتەوە سەر هەژمارە بانکیێکی قەتەر، هەروەها فڕۆکەیەکی قەتەری گەیشتووەتە ئێران بۆ گواستنەوەی زیندانیانی ئەمریکی. 
 
سەرچاوەکە رایگەیاندووە "بەرپرسانی ئێران و ئەمریکا لە لایەن قەتەرەوە ئاگادارکراونەتەوە کە هەر شەش ملیار دۆلارەکە لە سویسراوە گوێزراونەتەوە بۆ سەر چەند هەژمارێکی بانک لە قەتەر،" هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە: "فڕۆکەیەکی قەتەری لە ئێران ئامادەیە بۆ ئەوەی پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی و دوو لە کەسوکاریان بێنێتە دەوحە."
 
ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ (دووشەممە، 18-9-2023)، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چاویان لەوەیە ئەمڕۆ لەگەڵ ئەمریکا ژمارەیەک بەندکراو بگۆڕنەوە، بەڵام دوای ئەوەی واشنتن 6 ملیار دۆلاری سڕکراوی تاران ئازاد دەکات.  
 
بەپێی رێککەوتنی نێوانیان، ئێران پێنج هاووڵاتیی ئەمریکی و ئەمریکاش پێنجی ئێرانی ئازاد دەکات. ئەو دوو نەیارە سەرسەختە، هەروەها رێککەوتبوون 6 ملیار دۆلاری ئێران کە بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە کۆریای باشوور سڕکراوە، بگوازرێتەوە سەر هەژمارێکی بانکی لە قەتەر بۆ ئەوەی تاران بتوانێت تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی وەک کڕینی خۆراک و دەرمان بەکاریبێنێت. 
 

شەش ملیار دۆلارەکەی ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە لە کۆریای باشوور سڕکرابوو. پێشتر بەرپرسانی ئێران روونیانکردبووەوە پارەکە لە کۆریای باشوورەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ قەتەر.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "هیوادارین ئەمڕۆ دەستمان بەو سامانە ئێرانییە بگات،" گوتیشی: "گۆڕینەوەی بەندکراوان لە هەمان رۆژدا دەکرێت و پێنج هاووڵاتیی ئێرانی لە هەمان رۆژدا لە ئەمریکا ئازاددەکرێن."
 
ئەم دانوستاندنانە بە نێوەندگیریی وڵاتانی کەنداو بوو، چونکە ئێران و ئەمریکا پەیوەندیی دیپلۆماسییان نییە. 
 
پێنج ئەمریکییەکە خاوەن وڵاتینامەی ئێرانیشن، بەڵام تاران دان بە دوو وڵاتینامەییدا نانێت و هەموویان بە ئێرانی هەژماردەکات. مانگی رابردوو، کە رێککەوتنەکە راگەیێندرا، هەر پێنج کەسەکە لە زیندانەوە گوازرانەوە بۆ هۆتێل بۆ ئەوەی لەوێ لەژێر چاودێریدا بمێننەوە.
 
یەکێک لەوانە، سیامەک نەمازییە، کە بازرگانە و لە ساڵی 2015 بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکراوە. ئەوانی دیکە، موراد تەهبازی، ژینگەپارێز، عیماد شەرقی، بازرگان و دوو کەسی دیکەن کە نەیانویستووە ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت.  
 
هەفتەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی ئێران ناسنامەی ئەو پێنج زیندانییە ئێرانییەی ئاشکراکرد کە بڕیارە ئەمریکا ئازادیان بکات؛ رەزا سەرهەنگپوور و کامبیز عەتار کاشانی، لەنێویاندان، کە هەردووکیان تۆمەتبارن بە پێشێلکردنی سزاکانی سەر تاران. 
 
کاوە لوتفوڵڵا ئەفراسیابی، یەکێکی دیکەیە لە زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمریکا کە ساڵی 2021 لە ماڵەکەیدا دەستگیرکرا دوای ئەوەی تۆمەتبارکرا بەوەی سیخوڕیی بۆ حکومەتی تاران کردووە. 
 
دووەکەی دیکە، میهراد موعین ئەنساری و ئەمین حەسەنزادەن، کە گوایە پەیوەندییان بە هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە هەبووە. 
 
کەنعانی گوتی، لەو پێنج کەسە کە ئازاددەکرێن، دوویان دەگەڕێنەوە ئێران و دووی دیکەش بە خواستی خۆیان لە ئەمریکا دەمێننەوە. پێنجەمیشیان دەچێتە وڵاتێکی دیکە. 
 
راگەیاندنی ئەم پێشهاتە دوای ئەوە هات کە ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات.