رووداو دیجیتاڵ
رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی ئێلیزابێزی دووەم، شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی شاهانەی بەریتانیا، دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، 10 رۆژە ماتەمینییەکەی کۆچی دوایی شاژن کۆتایی دێت و بەخاک دەسپێردرێت.
رێوڕەسمەکە لە وێستمینستەر ئەیبی، کە کۆشکێکی ئایینی بۆنەکانە بە ئامادەبوونی بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی جیهان بەڕێوەدەچێت و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بانگهێشتی فەرمیی بەریتانیا ئامادە دەبێت. هەروەها، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و جیڵ بایدن، خانمی یەکەمیی ئەمریکا و نوێنەرانی وڵاتانی کۆمۆنوێڵس کە پێشتر بەشێکبوون لە وڵاتی بەریتانیا بەشداردەبن.
"ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانیا جەختیانکردەوە لە بانگهێشتکردنی نێچیرڤان بارزانی"
رۆژی یەکشەممە 18ـی ئەیلوولی 2022، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا رایگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە.
کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق دوو کەس بانگهێشتکراون بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە شاژنی کۆچکردووی بەریتانیا، کە یەکێکیان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، "ئەمە گرنگییەکی زۆری هەیە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیرانی بەریتانی جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێ نوێنەری هەرێمی کوردستان بەشداریبکات."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا، رێوڕەسمەکەی بە رووداوێکی زۆر گەورە بۆ بەریتانیا و جیهان وەسفکرد و گوتی، "گردبوونەوەیەکی جیهانییە و سەرکردەی 150 وڵاتی جیهان بەشدار دەبن، سەرکردەکان لەوێ یەکدی دەبین و رەنگە چەند بابەتێکی سیاسیی تاوتوێ بکرێت، بوونی نوێنەری هەرێمی کوردستان ئەوە نیشاندەدات کە پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان هەردوولادا هەیە و لەم ساڵانەدا زیاتر بەرەوپێشچوون."
رێوڕەسمەکە چوار قۆناخە:
یەکەم: نووسینی یاداشتی هاوخەمی
دووەم: میوانداریکردنی شا چارلسی سێیەم
سێیەم: رێز نواندن بۆ شاژنی کۆچکردوو و ماڵئاواییکردن لێی
چوارەم: پرسەی فەرمی وڵاتی بەریتانیا و بەڕێکردنی تەرمەکەی بۆ بەخاک سپاردن
کاروان جەمال تاهیر دەڵێ: "پەیوەندیی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان قووڵ و فراوان و مێژوییە و چەند بوارێکیش دەگرێتەوە، لەم دواییانەدا زیاتر بەرەوپێشچووە، پەیوەندییەکان خواستی بەریتانییەکانە و هەم خۆشیان پابەندن بەوەی کە دەیانەوێ هەرێمی کوردستان هەرێمێکی بەهێزبێت لە چوارچێوەی عێراقدا، نموونە بۆ ئەوەش پەیوەندییە باشەکەی بۆریس جۆنسنە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی حکومەتی بەریتانیاش خواستێکی زۆریان بۆ پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە."
نێچيرڤان بارزانى سهرهخۆشى له شا چارلسى سێيهم دهكات
نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئێوارهى رۆژی یەکشەممە، لهسهر بانگهێشتى فهرميى حكومهتى بهريتانيا لهگهڵ سهركرده و رێبهرانى وڵاتانى جيهان بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى ماڵئاواییکردن له شاژنى کۆچکردووى شانشینى یەکگرتوو گەیشتە لهندهن و چووە کۆشکی بەکینگهام.
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانى پرسه و سهرهخۆشيى خۆى و گهل و حكومهتى ههرێمى كوردستانى به خاوهنشكۆ شا چارلسى سێيهم و خانهوادهى شاهانه و گهل و حكومهتى شانيشنى يهكگرتوو و وڵاتانى كۆمۆنوێڵس گهياندووە و هاوسۆزى و هاوخهمى لهگهڵياندا دووپاتكردهوه.
لای خۆشیەوە، خاوهنشكۆ شا چارلسى سێيهم سوپاس و پێزانينى بۆ نێچيرڤان بارزانى و بهشدارييان له پرسه و رێوڕهسمى ماڵئاوايى له شاژن ئێلێزابێسى دووهمدا دهربڕى.
رێوەڕەسمەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
بەشداربووانی رێوڕەسمەکە کاژێر 11:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 13:00 بەکاتی هەولێر]، ئامادە دەبن و بە 2 خولەک بێدەنگی لەسەرتاپای وڵات دەستپێدەکات و دواتر هاوار دەکەن "خودا شا بپارێزێت."
دواتریش رێپیوان لەنێو شەقامەکانی لەندەن دەستپێدەکات بەرەو شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی شاهانە لە قەڵای ویندسۆر تاوەکو تەرمی شاژن لەنێو کەنیسەی سەینت جۆرج لەنێو قەڵای ویندسۆر دادەنرێت.
رۆژی دووشەممە 19ـی ئەیلوولی 2022، لە بەریتانیا پشووی فەرمییە و زۆرینەی بازاڕەکان، شوێنە بازرگانییەکان و قوتابخانەکان داخراون، تاوەکو خەڵکی بتوانن بەشداری یاخود بینەری رێوڕەسمەکە بن.
میدیای ئەو وڵاتە کاژێر 04:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 06:00 بەیانی بەکاتی هەولێر] دەست بە پەخشی رێوڕەسمەکە دەکەن و تاوەکو نزیکەی کاژێر 19:30 بەکاتی لەندەن و [21:30 بەکاتی هەولێر] بەردەوام دەبێت.
لە کاتی رێوڕەسمەکە گرتەڤیدیۆییەکانی کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری شاژن ئێلیزابێز و شازادە فیلیپ پەخش دەکرێت و یەکەمین رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی شاژنی بەریتانیا دەبێت کە رێوڕەسمەکە بە کامێرا بگوازرێتەوە.
خشتەی کاتی رێوڕەسمەکان
06:30 بەکاتی لەندەن [08:30 بەیانی بەکاتی هەولێر]، دەرگاکانی هۆڵی پەرلەمانی وێستمینیستەر کە تەرمی شاژنی کۆچکردووی لێیە دەکرێنەوە.
کاژێر 10:44 بەکاتی لەندەن [12:44 بەکاتی هەولێر]، رێپێوانی شاهانە لە هۆڵی پەرلەمانی وێستمینیستەر دێنەدەرەوە و بەرەو وێستمینیستەر ئەیبی رێپێوان دەکەن. تەرمیی شاژن بە گالیسکە و بە میوزیکەوە و بە ئامادەبوونی خێزانە خانەدانەکانی بەریتانیا، لەنێویاندا شا چارلسی سێیەم و شازادە ویلیام بەدوای گالیسکەوە کە رێپێوان دەکەن، بەڕێوەدەچێت.
کاژێر10:52 بەکاتی لەندەن [12:52 بەکاتی هەولێر] تەرمیی شاژن دەگاتە دەروازەی وێستمینیستەر ئەیبی.
کاژێر 11:00 بەکاتی لەندەن [13:00 بەکاتی هەولێر]، دەیڤد هۆیڵ، راگری وێستمینستەر رێوڕەسمەکە بە نزا کردن بۆ شاژن دەستپێدەکات و سەرکردە سیاسییەکان، لەنێویاندا لیز ترەس، سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و سەرکردە ئاینییەکانی دیکە بەشداردەبن.
کاژێر 11:55 بەکاتی لەندەن [13:55 بەکاتی هەولێر]، دوو خولەک بێدەنگی لەنێو رێوڕەسمەکە و لەسەرانسەری بەریتانیا بەرێوەدەچێت.
کاژێر 13:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 15:00 بەکاتی هەولێر]، تەرمیی شاژن ئێلیزابێزی دووەم لەنێو ئۆتۆمبێلی تەرمدا دەگاتە دەروازەی ویلینگتنی کۆشکی بەکینگهام و خێزانی شاهانە دەچنە قەڵای ویندسۆر کە 20 مایل دوورە لە کۆشکی بەکینگهامەوە.
کاژێر 15:06 بەکاتی لەندەن [کاژێر 17:06 بەکاتی هەولێر]، تەرمیی شاژن ئێلیزابێزی دووەم دەگاتە شەقامی ئەلبیرت، شا و ئەندامانی خێزانی شاهانە بەپیادە دوای 30 خولەک دەچنە کۆشکی سەینت جۆرج و لەگەڵ کاروانی تەرمەکە یەکدەگرنەوە.
کاژێر 16:00 بەکاتی لەندەن [کاژێر 18:00 بەکاتی هەولێر]، لە کۆشکی سەینت جۆرج مەراسیمێکی دیکە دەستپێدەکات و نزا بۆ شاژنی کۆچکردوو دەکەن.
کاژێر 19:30 بەکاتی لەندەن [کاژێر 21:30 بەکاتی هەولێر]، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە قەڵای ویندسۆر تەرمی شاژن لە تەنیشت گۆڕی شازادە فیلیپی هاوژینی بەخاک دەسپێردرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ