تیکتۆک هەوڵدەدات بەر لە وادەکەی ترەمپ چارەنووسی لە ئەمریکا دیاری بکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆمپانیای تیکتۆکی چینی لە گفتوگۆی چڕدان بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەکی تایبەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی خاوەندارێتیی بەرنامەکە لە ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە 14ی مانگی ئابی ئەمساڵدا بڕیارێکی جێبەجێکاریی دەرکرد و تێیدا 90 رۆژ وەک وادە بۆ کۆمپانیای بایتدانسی چینی، خاوەن بەرنامەی تیکتۆک دانا تاوەکو چارەنووسی خۆی لە ئەمریکا یان بە فرۆشتن یان بە داخستنی دیاری بکات.
ئێستا دانوستانکارانی کۆمپانیای خاوەنی تیکتۆک سەرقاڵی گفتوگۆ و دانوستانن تاوەکو رێگەچارەیەک بۆ کێشەکەیان بدۆزنەوە کە هەم لەلایەک بۆ پەکین و هەم بۆ واشنتن جێی پەسند بێت.
رۆژی پێنجشەممە 2020/09/17 دۆناڵد ترەمپ لە گوتارێکیدا لەبارەی تیکتۆکەوە رایگەیاند، بەم زووانە بڕیار لەسەر چارەنووسی تیکتۆک دەدەن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناوی کۆمپانیای ئۆراکاڵی ئەمریکی کە بارەگای سەرەکیی لە ویلایەتی کالیفۆرنیایە، خستەڕوو وەک هاوبەشێكی گریمانەیی کۆمپانیای بایتدانسی خاوەنی تیکتۆک، بەڵام تاوەکو ئێستا وردەکاریی رێککەوتنی ئۆراکڵ و خاوەنی تیکتۆک لەلایەن ئەمریکاوە نەخراوەتەڕوو.
هەندێک سەرچاوەی ئەمریکی باس لەوە دەکەن لەوانەیە بە گوێرەی رێککەوتنە ئاشکرانەکراوەکەی نێوانیان، کۆمپانیای ئۆراکڵ پشکی لە 20٪ لە بەرنامەی تیکتۆک بکڕێتەوە و لە 80٪کەی دیکەشی هەر بۆ کۆمپانیای بایتدانسی چینی بمێنێتەوە.
لە ئەگەری هاوبەشبوونی ئۆراکڵ و بایتدانسی چینی لە تیکتۆکدا، نیگەرانییەکانی ئەمریکا لەبارەی کردەوە سیخوڕییەکانی تیکتۆک و هەڕەشەکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا نامێنن.
لیژنەی تایبەت بە وەبەرهێنانە بیانییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە بەرپرسە لە چاودێریکردن و هەڵسەنگاندنی دەرهاوێشتەکانی وەبەرهێنانە بیانییەکان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، تاوتوێی دەستپێشخەرییەکەی ئۆراکڵ بۆ بوونە هاوبەش لە تیکتۆک دەکات.
لە بەرامبەردا ئەندامە کۆمارییەکانی نێو کۆنگرێس هۆشداری دەدەن لە هەڵکردنی چرای سەوز بۆ رێککەوتنی ئۆراکڵ و بایتدانس و رایانگەیاندووە، نابێت رێگە بە هیچ رێککەوتنێك بدرێت کە وابکات بەرنامەی تیکتۆک لەژێر کۆنترۆڵی چینییەکاندا بمێنێتەوە.
تیکتۆک یەکێكە لەو بەرنامانەی جیهان کە لەنێو گەنجاندا بەکارهێنەری زۆری هەیە کە ملیارێک بەکارهێنەری لە جیهان و زیاتر لە 100 ملیۆن بەکارهێنەری لە ئەمریکا هەیە.