ئێکس کارەکانی لە بەرازیل راگرت

رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس (توویتەری پێشوو) رایگەیاند کارەکانی لە بەرازیل رادەگرێت لەبەرئەوەی دادوەرێکی ئەو وڵاتە داوای کردووە سانسۆر بخرێتە سەر ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە.
 
کۆمپانیای ئیکس کە لەلایەن ئیلۆن مەسک، یەکێکە لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی جیهانەوە خاوەنداریێتی دەکرێت، رایگەیاند "ئەلێکساندەر دی مۆرایس، دادوەری بەرازیلی بەنهێنی هەڕەشەی لە یەکێک لە نوێنەرە یاساییەکانی کۆمپانیاکە کردووە، کە ئەگەر سانسۆر نەخاتە سەر هەندێ لە پۆستەکانی ئێکس، دەستبەسەری دەکەن.
 
تۆڕی کۆمەڵایەتی ئیکس ئەو بەڵگەنامەیە خستووەتەڕوو کە تێیدا دادوەرەکە سزای دارایی 20 هەزار ریالی بەرازیلی (نزیکەی 3 هەزار و 600 دۆلار)ـی بەسەر ئێکسدا سەپاندووە و، هەڕەشەی دەستەبەسەرکردنی نوێنەری یاسایی کۆمپانیای ئێکسی کردووە، ئەگەر پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی بڕیاری دادگەوە.
 
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس دەشڵێ، بۆ پاراستنی کارمەندانی، دەستبەجێ کارەکانی لە بەرازیل وەستاندووە. 
 
سەرەڕای داخستنی نووسینگەی بەرازیل، تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس هێشتا بۆ بەکاربەرانی بەرازیلی لەبەردەستە.