ڤیدیۆ؛ خۆپێشاندانی فراوان لە هیندستان لەسەر دەستدرێژیکردنە سەر پزیشکێک و کوشتنی

 
رووداو دیجیتاڵ 

خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی پزیشک و کارمەندانی تەندروستیی شاری کۆلکاتا لە هیندستان لە سەرەتای ڤیدیۆکە دەبینن؛ کاردانەوەکەیان دوای ئەوەیە کە تەرمی پزیشکێکی 31 ساڵیان لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئەو شارە دۆزییەوە کە پێش کوژرانی دەستدرێژی کرابووە سەر.
 
هێشتا کەس لەسەر ئەو رووداوە دەستگیرنەکراوە.
 
نارێندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەڵێت، "پێویستە بە زوویی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دژی ژنان بکرێت. پێویستە هەڵسوکەوتی دڕندانەی دژی ژنان بە زوویی و تووندی سزا بدرێت، ئەمەش بۆ دروستکردنی متمانە لەنێو کۆمەڵگەدا گرنگە."
 
تەرمی خوێناویی خانمە پزیشکەکە لە 9ـی ئاب لە نەخۆشخانەی گشتیی ئار جی کار دۆزرایەوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کە خانمە پزیشکەکە دوای 20 کاژێر کارکردن پشووی داوە و لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستدرێژی کراوەتە سەر.
 
خۆپێشاندەران بڕیاریانداوە بۆ ماوەی 24 کاژێر مان بگرن و شەقامەکان چۆڵ نەکەن، بە درووشمی (دادپەروەریمان دەوێت) و (ژنانی هیندستان ئاگرن نەوەک گوڵ) دەنگی ناڕەزایی هەڵدەبڕن.
 
د. میلی رێی، خۆپێشاندەرە و دەڵێت، "ئەمە کۆمەڵکوژییە و لە دژی یەک کەس نییە، بەڵکو لە دژی هەموو کۆمەڵگەیە، ئینجا نێر بێت یان مێ. هیچ گەرەنتییەک نییە کە ژنان دەستدرێژییان نەکرێتە سەر و پیاوان نەکوژرێن. ئەمە تەنیا لە دژی پزیشکەکان نییە، بەڵکو لە دژی هەموو کارمەندانی تەندروستییە."
 
دەستدرێژیی سێکسی، کێشەیەکی گەورەی هیندستانە و لە ساڵی 2022، پۆلیسی ئەو وڵاتە 31.516 سکاڵای دەستدرێژیی سێکسییان تۆمار کرد، ئەوەش 21٪ بەراورد بە ساڵی 2021 زیاتر بوو و یەکسان بوو بە نزیکەی 90 دەستدرێژیی سێکسی لە هەر رۆژێکدا.