رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەڵمانیا دەستیکردووە بە ناردنەوەی پەنابەرانی عێراقی لە وڵاتەکەی. بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەفتەی رابردوو کوردێکی ئێزدی دیپۆرتکراوەتەوە و ئەڵمانیا رژدە لەسەر ناردنەوەی پەناخوازان بۆ وڵاتەکانیان.
سالار، هاونیشتمانییەکی خەڵکی شاری دهۆکە و چەند رۆژێک لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندیدار بە پەناخوازانە و دەڵێت، نزیکەی هەشت ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی، بەڵام تاوەکو ئێستا مافی مانەوەی پێ نەدراوە. سالار باس لەوە دەکات کە لە چەندین وڵاتی دیکەیش هەوڵی بەدەستهێنانی مافی مانەوەی داوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ وڵاتێک ئەو مافەی پێ نەداوە.
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژە بەوە دەکات کە ئێستا پارێزەرێکی گرتووە و ئەو کار لەسەر کەیسەکەی دەکات. دەشڵێت، سێ مانگی دیکە مافی مانەوەی پێدراوە، بەڵام نازانێت دوای ئەو سێ مانگە چارەنووسەکەی چی لێدێت.
پارێزەری سالار دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ گەڕاندنەوەی ناچاریی عێراقییەکان، بەڵام حکومەتی ئەڵمانیا رەنگە لە داهاتوودا ئەو کارە بکات کە ئێستا خەریکە کاری لەسەر دەکات.
دکتۆر جۆن شپیکەرمان، پارێزەری کۆچبەرە بیانییەکان بە رووداوی گوت، "لە ساڵانی رابردوودا، عێراقییەکان دەیانتوانی دڵنیابن لەوەی کە ناگەڕێندرێنەوە، ئەوەش بەهۆی فەرمانێکی وەزارەتی نێوخۆ کە راستییەکەی ئێستاش کاری پێدەکرێت و بەگوێرەی ئەو فەرمانە، کەس دیپۆرت ناکرێتەوە بۆ عێراق. تاوانکار و کەسانی مەترسیدار بەر ئەو فەرمانە نەدەکەوتن، بەڵام وادیارە خەریکە هەندێک گۆڕانکاری دروستدەبن بۆ ئەو عێراقییانەی کە پێویستە بگەڕێنەوە و زیاتر داوایان لێ دەکرێت بە پاسپۆرتی خۆیان بێن، یانیش هەوڵی بەدەستهێنانی پاسپۆرت بدەن."
لە ساڵانی رابردوودا، عێراقییەکان دەیانتوانی دڵنیابن لەوەی کە ئەڵمانیا دیپۆرتیان ناکاتەوە، بەڵام لە ئێستادا کار بۆ ئەوە دەکرێت کە کۆچبەر و پەناخوازان دیپۆرتی وڵاتەکانیان بکرێنەوە بەوانەی کە پەناخوازی عێراقیشن.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا پێشتر لە وەڵامی رووداودا لەبارەی پەناخوازە عێراقییەکان گوتبووی، 31 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لەو وڵاتەدا دەژین کە دەبێ وڵاتەکە جێبهێڵن، لەوانە 28 هەزار کەس داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە. دەشڵێت، 256 پەناخوازی عێراقی لە سەرەتای ئەمساڵەوە دیپۆرتکراونەتەوە کە 42 لەوان بۆ عێراق بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ