لەدوای ئاگرەکەی هاوایی، ویلایەتی کالیفۆرنیا زەنگی ئاگادارکردنەوە چالاک دەکات

رووداو دیجیتاڵ 

ئەو ئاگرە گەورەیەی بەشێکی زۆری ویلایەتی هاوایی ئەمریکای گرتەوە، وێرانکاریی و پاشماوەی بەدوای خۆیدا هێناوە و ویلایەتەکەی کردووەتە ناوچەی کارەسات. لە ترسی دووبارەنەبوونەوەی ئاگرەکەی هاوایی، بەشێکی ناوچەکانی دیکەی ئەمریکا سیستمی ئاگادارکردنەوە دادەنێن. 
 
دوای کۆنتڕۆڵکردنی ئاگر و دۆخەکە، خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێنەوە بۆ بینینی وێرانکارییەکە. بەڵام دانیشتووانی دوورگەکە تووڕەن لەوەی هیچ ئاگادارکردنەوەیەک پێش ئاگرەکە نەبووە، ئەگینا ئەو کارەساتە رووینەدەدا.
 
پیتەر ترانک، دانیشتووی ناوچەی لەهانیای هاواییە و دەڵێت، "یەکەم کاردانەوەم تووڕەییە، تووڕەم چونکە دەکرا هەموو ئەم وێرانکارییە رێگری لێبکرایە. ئاگرەکە کەوتەوە، بەڵام هیچ ئاگادارکردنەوەیەک نەبوو. لە سەرانسەری دوورگەکە بڵندگۆ جێگیر کراوە، بەڵام یەک بڵندگۆیان کاری نەکردووە و کەس ئاگادار نەکراوەتەوە".  
 
 
ئێستا، لە دوای ئاگرەکەی هاوایی، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 100 کەس و زیانی زیاتر لە پێنج ملیار دۆلاری بە ویلایەتەکە گەیاند، شار و شارۆچکەکانی دیکەی ئەمریکاش خەمی خۆیانە.
 
یەکێک لەو ناوچانە، شارۆچکەی پارادایسە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا کە پێنج ساڵ لەمەوبەر پێش ئاگرەکەی هاوایی، ئاگر زیانێکی زۆری پێگەیاند.
 
گرێگ بۆلین، سەرۆک شارەوانی پارادایس دەڵێت، "چەندین جار لەگەڵ خەڵکەکە کۆبووینەوە، ئەوەش دوای ئاگرە گەورەکەی شارۆچکەکە و باسی رێکارەکان و ئەرکە گرنگەکانمان کرد و پێمان راگەیاندن بگەڕێنەوە شارۆچکەکە و جارێکی دیکە هەست بە دڵنیایی و سەلامەتی بکەن، داواشمان لێکردن پێمان بڵێن یەکەم داواکارییان چییە؟ ئەوان یەکەم خاڵ داوای سیستمی ئاگادارکردنەوەیان کرد".
 
لە ساڵی 2018 لە ئەنجامی ئاگری دارستانەکانی پارادایس 85 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 62 هەزار هێکتار دارستان سووتان و 52 هەزار خەڵکیش دەربەدەربوون، ئەمەش "بەهۆی نەبوونی سیستمی ئاگادارکردنەوە."
 
جێب گۆدلین، لە رێکخراوی بونیاتنانەوەی شارۆچکەی پارادایس دەڵێت، "بڵندگۆ بۆ مەبەستی سەلامەتیی شارۆچکەکەمان دانراون و هەر ئاگرێک دروست بێت، راستەوخۆ ئاگادارت دەکەنەوە، بەڵام لەنێو خەڵکەکە بۆچوونی جیاواز هەیە، چونکە هەندێک پێیانوایە چیدیکە ئەو بڵندگۆیانە پێویست نین، بەڵام بۆ ئایندە گرنگە و رەنگە لە داهاتوودا ئاگر بکەوێتەوە و بەو بڵندگۆیانە خەڵک هەست بە دڵنیابوون دەکات". 
 
لەدوای ئاگری دارستانەکانی هاوایی، دەسەڵاتدارانی کالیفۆرنیا 21 بڵندگۆیان لە شارۆچکەی پارادایس جێگر کردوون و بەنیازیشن لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی ویلایەتەکەش جێگیری بکەن، تاوەکو وێرانکارییەکەی هاوشێوەی هاوایی دووبارە نەبێتەوە.