CIA: ئێران پاداشتی تاڵیبان دەکات بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا

18-08-2020
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئەفغانستان تاڵیبان ئەمریكا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا CIA ، ئێرانی بە پاداشتکردن و پشتگیریکردنی چەکدارانی تاڵیبان، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تۆمەتبارکرد.
 
تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی، لە زاری سەرچاوەی ئاشکرانەکراوی ناو دەزگا ئەمریکییەکەی گواستەوە، کە ئەو پاداشتانەی ئێرانییەکان بۆ شەش هێرشی جیاوازی تاڵیبان بووە بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2019، لە نێویاندا تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو.
 
تۆڕەکە ئاشکرایکردووە کە بەڵگەنامەیەکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن)ی دەستکەوتووە، کە تێیدا هاتووە دەوڵەتێکی بیانی، پاداشتی ئەو تۆڕە هێرشکەرەی کردووە کە بە تۆڕی حەقانی ناسراوە. بەپێی بەڵگەنامەکە، تۆڕی حەقانی دووەم باڵاترین سەرکردەی تاڵیبان سەرپەرشتیدەکات و ئەنجامدەری هێرشیکی خۆکوژییە، بۆ سەر بنکەی ئاسمانیی باگرام لە 11ی کانوونی یەکەمی رابردوودا، کە بووە هۆی کوژرانی دوو سڤیل و برینداربوونی زیاتر لە 70 کەس، لە نێویاندا چوار فەرمانبەری ئەمریکی.
 
هێرشەکەی سەر باگرام (دیارترین دامەزراوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان)، دڵەڕاوکێی زۆری لە نێو بەرپرسانی ئەمریکیدا دروستکرد. راپۆرتەکەی پێنتاگۆن دەڵێ هێرشەکە زۆر پێشکەوتوو و مەترسیدار بووە و لە رێگەی قۆستنەوەی خاڵە لاوازەکانی پاراستنی بنکە سەربازییەکە و دامەزراوە ئەمریکییەکانی دیکەوە کراوە.
 
پێنتاگۆ لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە کە گرووپەکەی حەقانی، بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراویان لە هێرشەکەدا بەکارهێناوە و نزیکەی 10 چەکداری ئەو گرووپە و هێزەکانی تاڵیبان، بە چەکی جیاواز دوای تەقینەوەکە، هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئاسایش، بەرلەوەی هەموو هێرشکەرەکان بکوژرێن.
 
کۆمەڵەی حەقانی، کە مەولەوی جەلالەدین حەقانی و سەراجەدینی کوڕی سەرپەرشتیدەکەن، لە ساڵی 2015ەوە لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا دانراون. هەڵسەنگاندنەکانی هەواڵگری و بەرگری ناوەندیی و قەڵاچۆکردنی تیرۆر، دەڵێن سرووشتی هێرشەکە و شێوازی پشتگیریکردنی هێرشەکان، بەتایبەت ئەو هێرشە خۆکوژییەی کرایە سەر بنکە ئاسمانییە ئەمریکییەکە، دەریدەخات کە هێرشەکە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریکراوە.
 
راپۆرتەکە ئاشکرایکردووە، چەند رۆژێک دوای تەقینەوەکە، ئەو زانیارییانە بۆ پێنتاگۆن، وەزیری بەرگری و سەرۆکی دەستەی هاوبەشی هێزەکانی ئەمریکا بەرز کراوەتەوە.
 
لە دوای تەقینەوەکە، هێزەکانی ئەمریکا راستەوخۆ دەستی تاوانبارکردنیان بۆ ئێران درێژکرد، لە کاتێکدا کە ئەوکات ئەمریکا دانوستاندنێکی لەرزۆکی لەگەڵ تاڵیباندا دەستپێکردبوو.
 
دوای چەند هەفتەیەک لە تەقینەوەی بنکە ئاسمانییەکە، دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کاریان لەسەر دۆزینەوەی پەیوەندی نێوان گرووپەکەی حەقانی و ئێران کردووە و بەرپرسانی مەیدانیی ئەمریکا لە ئەفغانستان، هۆشدارییان داوە لەوەی وەڵامنەدانەوەی تووندی هێرشەکە، هاندەر دەبێت بۆ هێرشی زیاتر بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و ناوچەکەدا.
 
تۆڕی سی ئێن ئێن، ئاشکرایکردووە، ئەمریکا دوای کەمتر لە مانگێک لە هێرشەکەی باگرام، لە پرۆسەیەکدا، قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کوشت، ئەمەش وەک گورزێک لە پشتگیرییە بەردەوامەکانی ئێران بۆ گرووپە چەکدارییەکانی ئەفغانستان و ناوچەکە.
 
رۆب لۆدۆریک، گوتەبێژی پێنتاگۆن، ئاشکراکردنی زانیارییەکانی لەبارەی بەڵگەی تێوەگلانی ئێران لە هێرشەکانی ناو ئەفغانستاندا رەتکردەوە، بەڵام دووپاتیکردەوە کە ئێران هەردەم هەوڵی لەناوبردنی پرۆسەی ئاشتی دەدات.
 
پێشتر مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوانی بۆ دەنگی ئەوروپا و رادیۆی لێبرتی، گوتبووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پێنتاگۆن هۆشدارییان داوەتە هەریەکە لە ئێران و رووسیا، لە پێشکێشکردنی پاداشت بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان.
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا زیاتر دەڵێت، هەر پاداشتکردنێک بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی، باجی قورسی دەبێت. دووپاتیدەکاتەوە کە وڵاتەکەی ئاگادارە لەوەی "پێشتر رووسیا چەکی بەتاڵیبان داوە و ئێستاش ئێران ئەو کارە دەکات، بۆیە هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە هەموو شوێنێک".
 
سەعید خەتیب، گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، تۆمەتبارکردنەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتەکەی رەتدەکاتەوە. ئەو زانیارییەکانی ئەمریکای بە "بێبنەما" ناوبرد. خەتیب هەروەها گوتی: ئەوەی ئێستا لە ئەفغانستان روودەدات، ئەنجامی جەنگ و دەستتێوەردانەکانی ئەمریکایە لە کاروبارەکانی ناوخۆی ئەفغانستاندا".
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.