بایدن: ئەگەر دەرکەوت کێشەی تەندروستیم هەیە بیر لە خۆبەربژێرکردنەکەم دەکەمەوە

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر دکتۆر پشکنینم بۆ بکات و 'دەربکەوێت کێشەیەکی تەندروستیم هەیە، دووبارە بیر لە خۆبەربژێرکردنم بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەمەوە.'
 
رۆژی چوارشەممە 17-07-2024، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی پرسیاری ئەوەی لێکرا کەی دووبارە بیر لە خۆبەربژێرکردنی دەکاتەوە؟ ئایا دەکشێتەوە؟ گوتی "ئەگەر کێشەیەکی تەندروستیم هەبوو، ئەگەر کەسێک، دکتۆرەکان هاتن و پێیانگوتم ئەو کێشەیەت هەیە، ئەوکات دووبارە بیری لێدەکەمەوە."
 
بەهۆی تەمەنی و چەند جارێک هەڵەکردنەوە، بەشێکی لایەنگرانی پارتەکەی بایدن، پارتی دیموکراتەکان، ئەویان پێ کەسێکی شیاو نییە بۆ وەرگرتنی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی.
 
ناوەندی نۆرک - NORCـی ئەمریکی تایبەت بە توێژینەوە لە راپرسییەکدا بڵاویکردەوە "دوو لەسەر سێی لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکان کە یەکسانە بە 65٪، جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایان ناوێت و داوا دەکەن پارتەکە کەسێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات."
 
هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 05-11-2024 دەکرێت و رکابەرییە گەرمەکە لەنێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و جۆ بایدنە. 
 
بەپێی ئەو راپرسییە "پێشتر لە مانگی شوبات هەمان راپرسی کرا، ئەوکات 40٪ـی لایەنگرانی دیموکراتەکان بایدنیان وەک بەربژێری پارتەکە نەدەویست، ئێستا تەنیا 27٪ـی لایەنگرەکان بایدنیان پێ شیاوە."
 
لە راپرسییەکەدا 65٪ـی کۆی گشتیی دیموکراتەکان پێیانوایە؛ بایدن پێویستە بکشێتەوە و 35٪ـی کۆی گشتییان هێشتا متمانەیان پێیەتی. 
 
بایدن پێشتر هەمیشە بەرگری لە بەربژێربوونی خۆی کردووە و خۆی بە سەرۆکێکی شیاو ناوبردووە. رۆژی 06-07-2024 گوتی "باوەڕ ناکەم هیچ کەسێک لەمن زیاتر شیاوی پۆستی سەرۆکایەتی و بردنەوەی ئەم کێبڕکێیە بێت."
 
جۆ بایدنی تەمەن 81 ساڵ لە 28ـی حوزەیران لە دیبەیتێکی 90 خولەکیدا رووبەڕووی دۆناڵد ترەمپ بووەوە و ئاستێکی تا رادەیەک خراپی پێشکێشکرد. دوای تەواوبوونی، لە راپرسییەکدا بۆچوونی خەڵک لەبارەی ئاستی دوو بەربژێرەکە وەرگیرا؛ 67%ـی ئەوانەی بۆچوونیان وەرگیرا دەنگیان بە ترەمپ و 33٪ دەنگیان بە بایدن دا.
 
12 رۆژ دوای دیبەتەکە، جۆرج کلوونی ئەکتەری نێوداری ئەمریکی گوتی "بەداخەوە کە وادەڵێم، بەڵام ئەو جۆ بایدنەی سێ هەفتە لەمەوبەر لەگەڵی بووم، هەمان ئەو جۆ بایدنەی 2010 نییە. ئەو تەنانەت هەمان ئەو بایدنەی 2020ـیش نییە. ئەوەی من بینیم هەمان ئەو پیاوە بوو کە لە دیبەیتەکەدا بینیمان."
 
جگە لە کلوونی؛ نانسی پێلۆسی، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەسەر پشکی دیموکراتەکان لە نوێترین لێدوانی بە میدیای ئەمریکی گوت "ئێمە هەموومان داوا لە بایدن دەکەین ئەو بڕیارە بدات، لەبەر ئەوەی کاتێکی کەممان لەبەردەستە."
 
لەبارەی پرسیاری ئەوەی ئایە پێلۆسی لەگەڵ ئەوەدایە بایدن لە بەربژێربوونی بەردەوام بێت، پێلۆسی گوتی "دەمەوێت بایدن ئەوە بکات کە خۆی پێی خۆشە."
 
بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لە 16-07-2024 کراوە، دەردەکەوێت ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، بایدن 44.8٪ و ترەمپیش 47.3٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.