کۆشکی سپی: بایدن تووشی کۆرۆنا بووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەمان پۆست تووشی کۆرۆنا بووە و بۆ پشوودان دەگەڕێتەوە ویلایەتی دیلاوێر. 
 
رۆژی چوارشەممە، 17ـی تەممووزی 2024، کارین ژان پێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی، "ئەمڕۆ دوای یەکەم چالاکی لە لاس ڤێگاس، سەرۆک بایدن ئەنجامی تاقیکردنەوەی پزیشکی بۆ کۆرۆنا پۆزەتیڤ بوو (تووشی کۆرۆنا بووە)." 
 
گوتەبێژی کۆشکی سپی دەشڵێت، بایدن "ڤاکسینی وەرگرتووە و باشترە؛ نیشانەی سووکی هەیە. دەگەڕێتەوە ویلایەتی دیلاوێر و لەوێ کەرەنتین دەکرێت؛ لەو کاتەدا سەرقاڵی راپەڕاندنی کارەکانی دەبێت." 
 
ئەو راگەیێندراوەی کۆشکی سپی لەکاتێکدایە، بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە بەتایبەت دوای یەکەم دیبەیتی جۆ بایدن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، گوشارەکان بۆ کشانەوە یان کشاندنەوەی بەربژێرەکەی دیموکراتەکان زیادیان کرد. 
 
پێش چەند خولەکێک لە راگەیێندراوەکەی کۆشکی سپی، جانێت مورگویا، سەرۆکی یەکێتیی ئونیدۆس کە کۆمەڵەیەکی لاتینییەکانە لە شاری لاس ڤیگاس رایگەیاند، بایدن پەیوەندی پێوە کردووە و پێیڕاگەیەندووە بەهۆی تووشبوونی بە نەخۆشییەوە ناتوانێت سەردانی گردبوونەوەکەیان بکات و قسەیان بۆ بکات. 
 
جانێت گوتی: "لە پەیوەندیدا بووم لەگەڵ سەرۆک بایدن و نیگەرانی خۆی دەربڕی کە ئەم دوا نیوەڕۆیە ناتوانێت لەگەڵمان بێت." دەشڵێت، "سەرۆک لە زۆر بۆنەدا ئامادە بووە. وەکو دەزانین تووشی کۆرۆنا بووە. تێدەگەین کە پێویستی بە چارەسەرە." 
 
پزیشکی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بایدن کۆکەی هەیە و تەندروستیی باش نییە؛ چارەسەری پێویستی پێدراوە. دەشڵێت: "نیشانەکانی ئاسایین. لێدانی دڵ، پلەی گەرمای لەشی و رێژەی ئۆکسجین لە خوێنیدا ئاساییە." 
 
لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی پرسیار لە بایدن کرا، کەی بیر لە خۆبەربژێرکردنەوەی دەکاتەوە؟ ئایا دەکشێتەوە؟ ئەو گوتی: "ئەگەر کێشەیەکی تەندروستیم هەبوو، ئەگەر کەسێک، دکتۆرەکان هاتن و پێیانگوتم ئەو کێشەیەت هەیە، ئەوکات دووبارە بیری لێدەکەمەوە."
 
بەهۆی تەمەنی و چەند جارێک هەڵەکردنەوە، بەشێکی لایەنگرانی پارتەکەی بایدن، پارتی دیموکراتەکان، ئەویان پێ کەسێکی شیاو نییە بۆ وەرگرتنی خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی.
 
ناوەندی نۆرک NORCـی ئەمریکی تایبەت بە توێژینەوە لە راپرسییەکدا بڵاویکردەوە: "دوو لەسەر سێی لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکان کە یەکسانە بە 65٪، جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکایان ناوێت و داوا دەکەن پارتەکە کەسێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە بەربژێر بکات."
 
رۆژی 5ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دەکرێت. بەگوێرەی دوایین راپرسی کە لە 16-07-2024 کراوە، دەردەکەوێت ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، بایدن 44.8٪ و ترەمپیش 47.3٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

منداڵانی کۆچبەری بێسەرپەرشت لە سەنتەرێکی یۆنان، وێنە: courtesy of Socrates Baltagiannis

رێکخراوی منداڵپارێزی: ژمارەی منداڵانی کۆچبەر بەرەو یۆنان چوارهێندە زیادی کردووە

رێکخراوی منداڵپارێزی دەڵێت، ئەو منداڵە کۆچبەرانەی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتوونەتە دوورگەکانی یۆنان، چوار هێندەی هەمان ماوەی پارساڵە و ژمارەی ئەوانەی بەبێ سەرپەرشتیار کۆچیان کردووە، سێ هێندەیە.