لە دانیمارک گرووپێک دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان

رووداو دیجیتاڵ
 
لە دارستانێکی دانیمارک، ئەندامانی گرووپێک دەستدرێژیی سێکسی دەکەنە سەر ئەوانەی دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان. 
 
گرووپەکە ناوی (پێدۆ هەنتەر - راوچیی منداڵابازان)ـە، گوتەبێژەکەی دەڵێ "ئەمە دەکەین چونکە پۆلیس کاری خۆی بە باشی ناکات. ئەگەر پۆلیس منداڵبازان دەستگیربکات، ئێمە ئەوە ناکەین." 
 
ئەندامانی گرووپەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تەڵە بۆ ئەوانە دادەنێنەوە کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان؛ خۆیان لێدەکەنە کچ، لە دارستاندا ژوان لەگەڵ کەسەکە دادەنێن کە وادەزانێت دەچێتە لای کچێکی 14 ساڵ، بەڵام لەوێ رووبەڕووی ئەو گرووپە دەبێتەوە و ئەوانیش کاری خۆیانی لەسەر دەکەن.
 
لارس مۆرتنسن، بەرپرسی یەکەی رووبەرووبوونەوەی تاوان دەڵێ "هەموو شتێک لەبارەی ئەم کارەوە نایاساییە. لێپرسینەوە لە تاوانباران لە رێگەی دەستدرێژیکردنە سەریان لەلایەن ئەو گرووپانەوە و تۆمارکردنی دیمەنەکانیشیان، نایاساییە." 
 
گرووپەکە لقیان لە 10 وڵاتی ئەورووپا هەیە. 
 
بەگوێرەی رێکخراوی ئەنجوومەنی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە هەر پێنج منداڵی ئەورووپا، یەکێکیان رووبەڕووی تووندوتیژیی سێکسی دەبێتەوە، کە 70٪ بۆ 85٪ـیان پێشتر دەستدرێژیکارەکەیان ناسیوە. 
 
گوتەبێژی گرووپی پیدۆ هەنتەر باسی ئەوەش دەکات "ئەم رێگەیە وەکو بیانوویک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر ئەوانەی دیکە بەکارناهێنین. ئەوەی دەمانەوێت بۆ هەموو منداڵان ئەوەیە؛ سەلامەت بن.''
 
سەبارەت بە هۆکاری سەرەکیی کارە نایاساییەکەشیان دەڵێ "ئەگەر تۆ باوک بیت یان یەکێکمان ببینە باوک، دەتوانین دڵنیا بین کە منداڵەکانمان بە سەلامەتی ئینتەرنێت بەکاردەهێنن و لەو پیاوانە بەدوور دەبن، کە دەبنە هۆی لەنێوبردنی ژیانیان." 
 
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لانیکەم 20٪ کچان و 8٪ـی کوڕان لە تەمەنی 2 بۆ 17 ساڵی رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە.