پێنتاگۆن بە هەڵە ملیۆنان ئیمەیڵی بۆ مالی ناردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کارمەندەکانیان بە هەڵە ملیۆنان ئیمەیڵیان بۆ مالی ناردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دۆمەینی ئیمەیڵی وەزارەتەکە، کە Mil.-ە، ئەمەش زۆر نزیکە لە ناوی دۆمەینی مالی کە Ml-ە.
 
رۆژی دووشەممە 17ی تەممووزی 2023 وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا، دانی بەو هەڵەی وەزارەتەکەیان ناوە و گوتوویەتی، "ئێستا لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە تەکنیکییە." راشیگەیاندووە، سەرجەم کارمەندەکانیان ئاگادار کردوونەتەوە، تاوەکو چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، کارمەندەکانیان دەتوانن بە ئیمەیڵی تایبەت ئیمەیڵ بنێرن.
 
هەروەها پێنتاگۆن کاری کردووە بۆئەوەی هەر ئیمەیڵێک لە ئیمەیڵی فەرمییەوە بۆ دۆمەینەکەی مالی بە هەڵە بڕوات، بلۆکی بکات و راستەوخۆ ئیمەیڵێکی ئۆتۆماتیکی بۆ ئەو کەسە دەنێرێت کە ئیمەیڵەکەی ناردووە.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەو کێشەیە لەمێژە هەیە، بەڵام تازە وەزارەتی بەرگری ئاگادار کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر لەو ئیمەیڵانەشی بە هەڵە نێردراون، زانیاریی تایبەت و سەربازیی ئەمریکیی تێدا بووە، لەگەڵ هەندێک راپۆرتی تەندروستیی فەرماندەکانی پێنتاگۆن.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بۆ ماوەی 10 ساڵە سەرپەرشتیی دۆمەینی مالی دەکات کە ئەو وڵاتە هاوپەیمانێکی نزیکی رووسیایە و ئێستا ترس هەیە ئەو ئیمەیڵە هەستیارانە رادەستی مۆسکۆ کرابن.
 
بەڵام بڕیارە ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییە لە ماوەیەکی نزیکدا گرێبەستی کارکردنی لەگەڵ مالی کۆتایی بێت، هەربۆیە نامەیەکی فەرمییان بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ناردووە و لەو کێشەیە ئاگاداری کردوونەتەوە.
 
لەوبارەیەوە، یۆهانس زۆربێر، بەڕێوەبەری ئەو کۆمپانیا هۆڵەندییە لە نامەکەیدا بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا نووسیویەتی، "رەنگە هەندێک لە زانیارییەکانی نێو ئەو ئیمەیڵانە لەلایەن نەیارانی ئەمریکاوە بقۆزرێنەوە."