لە مەکسیک چەند گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

لە ناوچەی رینۆسا لە باکووری رۆژهەڵاتی مەکسیک، لانیکەم 22 تەرم لە چەند گۆڕێكی بەکۆمەڵدا دۆزرانەوە.
 
خۆرخێ کۆیار، گوتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی ناوچەی رینۆسا رایگەیاند، "12 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و لە گەڕی یەکەمی پشکنینەکاندا توانراوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 22 تەرم لەنێو گۆڕەکاندا بدۆزرێنەوە."
 
ئەمە یەکەمجار نییە گۆڕی بەکۆمەڵ لە مەکسیک دەدۆزرێنەوە. زۆربەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش لە ویلایەتەکانی باکوور، کە هاوسنووری ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکان، دەدۆزرێنەوە. لەو ناوچانەدا باندەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەر و چەک و قاچاخچییانی مرۆڤ بەربڵاون و پاکتاوکردنی یەکدی بووەتە دیاردە.
 
کۆیار ئاماژەی بەوەش کردووە، "تاوەکو ئێستا نازانین ژمارەی کۆتایی تەرمەکان چەندە و گەڕان و پشکنین بەردەوامە." گوتیشی، "بە شیکردنەوە و پشکنینی بایۆلۆجی، دەرکەوتووە زۆربەیان 10 بۆ 14 مانگە لە گۆڕ نراون."
 
لە ناوچەی رینۆسا لە ویلایەتی تاماولیباس-ی هاوسنووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەردەوام شەڕ و پێکدادان لەنێوان باندەکانی 'تاوان و بازرگانانی مادەی هۆشبەر' و دژ بە هێزە ئەمنییەکانیش روودەدات.
 
تائێستا لەو ویلایەتەدا هێزەکانی پۆلیس 13 هەزار فەرمانی گەڕان بەدوای کەسانی بێسەروشوێنیان دەرکردووە.
 
لە کاتێکدا زۆرترین ژمارەی بێسەروشوێنبووان لە ویلایەتی خالیسکۆی باکووری رۆژئاوای مەکسیک تۆمار کراوە، کە نزیکەی 15 هەزار کەسن.
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، لە ساڵی 2005ـەوە، لەو کاتەی کە هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە هەڵمەتی چەکداری بۆسەر باندەکانی مادەی هۆشبەر و تاوان کردووە، زیاتر لە 350 هەزار کەس لە تاوانبار و هێزی ئەمنی تیرۆر کراون.
 
لە ساڵی 1962وە زیاتر لە 110 هەزار کەس بێسەروشوێن بوون و نەتەوە یەکگرتووەکان بە یەکێك لە کارەساتە مرۆییەکان دایدەنێت.