ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا: بایدن و نەتانیاهوو کۆدەبنەوە

18-07-2023
لهۆن نەسرەدین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بانگهێشت کردووە سەردانی ئەمریکا بکات، بە ئەگەری زۆرەوە ئەم پاییزە لە واشنتن کۆدەبنەوە.
 
لە کۆنفرانسی هەفتانەیدا، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کردووە و بانگهێشتی کردووە بۆئەوەی سەردانی واشنتن بکات. چاوەڕوان دەکەین لە پاییزی ئەمساڵدا کۆببنەوە."
 
کێربی ئاماژەی بەوە کردووە، بایدن و نەتانیاهوو رۆژی 17ی ئەم مانگە قسەیان کردووە و بایدن نیگەرانییەکانی لەئاست 'چاکسازیی' نێو سیستمی دادوەریی ئیسرائیلی خستووەتەڕوو، کە حکومەتی ئیسرائیل کردوویەتی و ناڕەزایەتیی زۆری دانیشتووانی ئیسرائیلی لێکەوتووەتەوە.
 
لە سەرەتای ئەمساڵدا کابینە راستڕۆکەی نەتانیاهوو دەستی بە گۆڕانکاری لە سیستمی دادوەری کردووە، کە ناوی "چاکسازی" لێناوە و ناڕەزایەتیی پارتە چەپ و لیبراڵ و رێكخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە.
 
دژبەرانی گۆڕانکارییەکان، نەتانیاهوو و بەرپرسانی پارتە تووندڕۆکانی ئیسرائیل بە هەوڵدان بۆ لەنێوبردنی بنەماکانی دیموکراسی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دادگا لە بەرامبەر بەهێزکردنی دەسەڵاتی تاکڕەویی سەرۆکوەزیران تۆمەتبار دەکەن.
 
کێربی ئەوەی خستەڕوو، "چاوەڕوان دەکەین کۆبوونەوەکەی بایدن و نەتانیاهوو لە کاتێكدا بێت، کە نیگەرانیی کەمترمان لەئاست چاکسازییەکانی حکومەتی ئیسرائیلدا هەبێت، کە واشنتن لێیان نیگەرانە."
 
لە چەند مانگی رابردوودا، پەیوەندیی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ بەهۆی سیاسەتە راستڕۆکانی کابینەکەی نەتانیاهوو، ئاڵۆز بووە؛ کە خۆی لە دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی زیاتر لە رۆژهەڵاتی قودس و هەڵمەتی چەکداری بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکان و دوورکەوتنەوە لە گفتوگۆکانی لەگەڵ دەسەڵاتی فەلەستین، دەبینێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پلاسخارت و جێگرەوەکەی.

جێگرەوەی پلاسخارت دیاریکرا

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، محەممەد ئەلحەسان، نوێنەری عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە نوێنەری نوێی یونامی لە عێراق دەستنیشان کرا و شوێنی جێنین هێنیس پلاسخارت، دەگرێتەوە.