راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی ئازەربایجان لەبارەی کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکی ئەو وڵاتە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتی کۆماری ئازەربایجان لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند لە کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵیدا سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاندووە ئەو سەردانەی نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە هۆی زیادبوونی هەماهەنگیی نێوان هەردوولا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-7-2023)ـی سەرۆکایەتیی کۆماری ئازەربایجاندا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەدا بە ئامادەبوونی شاندەکان، گفتوگۆکرا لەبارەی فراوانکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و ئازەربایجان، وەبەرهێنان لە بواری وزە، زیادکردنی گەشتوگوزار، لەگەڵ کردنەوەی گەشتی فڕۆکەوانیی راستەوخۆ".
پێش ئەوەی بەفەرمی کۆبوونەوەکەیان دەستپێبکات، ئیلهام عەلیێڤ لەکاتێکدا وەستابوون بۆ ئەوەی لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە وێنەیان بگیرێت، بە نێچیرڤان بارزانی گوت، "بیرەوەریی زۆر باشم هەن سەبارەت بە کۆبوونەوەکەمان لە میونشن"، نێچیرڤان بارزانیش پێی راگەیاند "زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، زۆر خۆشحاڵم کە لەکۆتاییدا هاتمە ئێرە". سەرۆکی ئازەربایجان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی گوت "گفتوگۆی باشمان دەبێت بۆ دیاریکردنی بابەتەکانی هاوبەشیمان لەماوەی سەردانە دوو رۆژییەکەتدا".
سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای ئەوە دێت، لە شوباتی ئەمساڵدا و لەچوارچێوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، لەگەڵ ئیلهام عەلێیڤ کۆبوونەوە و، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئازەربایجان بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ وڵاتەکەی.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان: سوپاسی سەرۆک دەکەم بۆ پێشوازییە گەرمەکەی و چاومان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ئازەربایجانە pic.twitter.com/k74xiNYC8Z
— Rudaw (@Rudawkurdish) July 18, 2023